ناس کورد-
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، کۆڵبەرێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی کۆڵبەری کەوتووەتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی ئێران و لە دڵەڕاوێکدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەهۆیەوە گیانی لە دەستداوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو ڕێکخراوە مرۆییە (شەممە 18ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی کۆڵبەرێکی تەمەن 45 ساڵ بە ناوی "شەوکەت قوربانی" لە کاتی کۆڵبەری لە کوێستانەکانی سنووری "زاوەر"ی سەر بە شاری نۆدشە دوای ئەوەی کەوتووەتە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، بە هۆی هاتنە خوارەوەی زەخت و دڵەڕاوکێ، تووشی ڕاوەستانی دڵ بووە و گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە چەکدارەکان ڕێگەیان نەداوە کە پزیشکی فریاکەوتن بگەنە شوێنی ڕووداوەکە و هەر بەهۆی نەگەیاندنی یارمەتی پزیشکی و دوای چەند کاتژمێر مانەوەی ئەو کۆڵبەرە لەو حاڵەتەدا، گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئەو ڕێخکراوە، شەوکەت قوربانی کە باوکی سێ منداڵ بووە بەهۆی هەژاری و نەداری ڕووی لە کاری کۆڵبەری کردووە و لەو کاتەدا سێ گاڵۆن بەنزینی پێ بووە.