ناس کورد-
زەبیحوڵا موجاهید، جێگری وه‌زیری راگه‌یاندن و رۆشنبیریی له حكومه‌تی كاتیی ئەفغانستان ڕایگەیاند، بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان پلانی هه‌یه لە نزیکترین کاتتدا كچانی قوتابیش بگه‌ڕێنه‌وه خوێندنگه‌كان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی میدیاکانی ئەفغانستان (شەممە 18ی ئەیلولی 2021) زەبیحوڵا موجاهید ڕایگەیاندووە، "به‌رپرسانی ئیماره‌تی ئه‌فغانستانی ئیسلامی كار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی كوڕان و كچان لە خوێندنگەکان و هەروەها دابه‌شكردنی مامۆستایانی كچ به‌سه‌ر قوتابخانه‌ی كچاندا ده‌كه‌ن."
پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتە کاتییەکەی ئەفغانستان کە لەلایەن تاڵیبانەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕایگەیاند، خوێندن لە خوێندنگەکانی وڵاتەکە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام تەنها کوڕانە و بڕیارەکە خوێندکارانی کچ ناگرێتەوە.
هەر بەگوێرەی بڕیارەکە، تەنها مامۆستایانی پیاویش دەگەڕێنەوە خوێندنگەکان و تاوەکو بڕیاری نوێ مامۆستایانی ئافرەت ڕێگەیان پێ‌نادرێت بگەڕێنەوە خوێندنگەکان.