گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

دڵنیاییەك لە هاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە

2021.09.18 - 16:17
App store icon Play store icon Play store icon
دڵنیاییەك لە هاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە

ناس کورد-

وتەبێژی هێزەكانی هاوپەیمانان ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیكردن و كۆمەككردنی هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، ئەمەش رۆژێك دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانیان لە ئەنبار و هەولێر. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

واین مارۆتۆ لە تویتێكدا كە "ناس كورد بینیویەتی (18ی ئەیلولی 2021) دەڵێت: هاوپەیمانی نێدەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هاوبەشە عێراقییەكانی لە هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی ناوچەكە. 

 

هەروەها دەڵێت، "پێكەوە دەمێنین بۆ مسۆگەركردنی نەگەڕانەوەی داعش".

 

بەگوێرەی بەیاننامەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كە "ناس كورد" بینیویەتی (17ی ئەیلولی 2021) سەرۆكی شاندی هونەری عێراقی فەریق عەبدولئەمیر شەممەری و جۆن برینان لە هێزەكانی هاوپەیمانان گەیشتوونەتە لێكگەیشتن لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێكردنی پلانی كەمكردنەوەی هێزە بیانییەكان و گۆڕینی ئەركی هێزەكان لە بنكەكانی هەولێر و ئەنبار و بڕیاردراوە بارەگای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم دوو بنكەیە لە فیرقەوە بكرێتە لیوا و ئەركی داهاتووش ڕاوێژكاری و ڕاهێنان بێت.   

  

ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ستراتیژی عێراق _ ئەمەریكادایە كە لەدوا سەردانی كازمی بۆ واشنتۆن یەكلایی كرایەوە و تێیدا بڕیاردرا هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان تا كۆتایی ئەم ساڵ لە عێراق بچنە دەرەوە و ئەركی هاوپەیمانان و سوپای ئەمەریكا بگۆڕدرێت بۆ راوێژكاری و مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان.