ناس کورد-
لەسەر ناردنی نامەیەک بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان بە سیفەتی خاوەن موڵك، بەڕێوەبەری ئاوی ناحیەی ئاوی مەیدان لەسەر سكاڵای ئاسایشی ناحیەكە لە گەرمیان دەستگیر كرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕادیۆی "دەنگ" لە گەرمیان كە "ناس كورد" گوێی لێگرتووە (18ی ئەیلولی 2021)، سەفا فایەق عەلی کە بەڕێوبەری ئاوی ناحیەی مەیدانە لە گەرمیان لە ماوەی ڕابردودا لەسەر کێشەیەکی پەیوەست بە زەوی نامەیەکی بۆ پەیجی ئاسایشی گەرمیان لە فەیسبوک ناردوە، لە نامەكەدا باسی لەوەکردوە بنکەی ئاسایشی مەیدان هێزی ناردووەتە سەر ئەنجومەنی ناحیەی مەیدان تا ناچاریان بكات ئیمزا لەسەر کۆنوسێکی تایبەت بكات بۆ دەرکردنی بەشێک لە جوتیارەکانی سنورەکە.
بەڕێوەبەری ئاوی مەیدان وەکو یەکێک لە خاوەن زەویەکان داوا دەکات کە ئاسایشی گەرمیان بەدواداچون بکات، لەسەر ئەمەش بەرپرسی ئاسایشی مەیدان سکاڵای لەسەر تۆمار كردووە و دادوەریش فەرمانی ڕاگرتنی داوە و بەوهۆیەشەوە چەند رۆژێکە لە گرتوخانە بەندكراوە.
ساڵح مستەفا، بەرپرسی ئاسایشی مەیدان كە سكاڵاكارە دەڵێت، ئەو ھەواڵەی کە ئەو کەسە ناردبوی بۆ پەیجی ئاسایش ناڕاست بووە و من ھێزم نەناردوەتە سەر کەس، بۆیە پێم وت کە نامەکە بسڕێتەوە، بەڵام ئەو نەیسڕیەوە، بۆیە منیش بەتۆمەتی ناوزڕاندن سکاڵام لەسەر تۆمار کردووە.
لای خۆشییەوە لیوا نەوشیروان ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاسایشی گەرمیان، دەڵێت، بەدواداچونمان نەکردوە و ئەو دۆسیەیە لای ئێمە نییە لای پۆلیسە.