ناس کورد-
میدیای فەرمی پەکەکە زانیارییەکانی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی پارێزگای سلێمانی ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، "بکوژانی شەهید شوکری دەستگیر نەکراون".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە، 18ی ئەیلولی 2021، ژووری ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند و وتی، ئەو کەسە تۆمەتباری سەرەکی هەردوو کردەی تیرۆرکردنی دوو کادیری باڵای پەکەکە بووە لە سلێمانی.
بەڵام ماڵپەڕی "ڕۆژنیوز"ی فەرمی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، هەرچەند ئەو دەزگایانە وێنەی کەسیکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە ئەو کەسە هەردوو هێرشەکەی ئەنجام داوە، "بەڵام بەپێی هەندێک زانیاریی و سەرچاوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، هێرشکار تەنیا کەسێک نییە و ژمارەیەک کەسن و بە پیلان ئەو کارەیان کردووە."
دەشڵێت، "هەروەها ئەو کەسەش کە دەوترێت دەستگیرکراوە بکەری هێرشەکەی سەر ‘فەرهاد باریش’ـە، لە ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، بەڵام هێرشکارانی سەر شەهید شوکری سەرحەد هێشتا دەستگیر نەکراون."
"ڕۆژنیوز" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە دەشڵێت، "ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر شەهید شوکری سەرحەد، چوار کەسن و یەکێکیان تەقەی لە شەهید شوکری کردووە، ئەوانی دیکەشە لەو دەوروبەرە بوون و دوای هێرشەکە، بە ئۆتۆمبێلیلکی جۆری پیکاپ- تۆیتا، هەڵهاتوون."
ژووری ئۆپەراسیۆنێكی ھاوبەش لە پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (18ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، "لەسەر راسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش پێکهێنرا لەدەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسى پاراستن و زانيارى - زانيارى و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پاريزگاى سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی گشتى دژه تيرور و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتبارانی دوو کردەوەکەی دوو رۆژی رابردوو."
دەشڵێت، "پاش چڕكردنەوەی ھەوڵەكان، توانرا لەماوەی کەمتر له 24 كاتژمێردا پیلانەكە ئاشكرا بكرێت و تاوانباری سەرەكی ئەو دوو کردەوەیە دەستگیر بکرێت".
دوو کردەوەکەش بریتین لە
- یەكەميان: ڕۆژی 16ی ئەیلول ڕوویدا و تێیدا كەسێك بریندار بوو.
- دووەمیان: ڕۆژی 17ی ئەیلول ڕوویدا و تێیدا كەسێك تیرۆر كرا.
ڕاگەیەنراوی ژوورەکە کە لە دەزگای ئاسایشی هەرێم و ئاژانسى پاراستن و زانيارى - زانيارى، ، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پاريزگاى سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی گشتى دژه تيرور و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێکهاتووە دەڵێت، تۆمەتبارەكەش ڕاپێچی دادگا کرا تاوەكو سزای یاسایی خۆی وەربگرێت.
لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە "بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین کەسلێمانی شاری ئارامییە بۆ هەمووان بێ جیاوازی و ئاسایش و ئارامی شار وھاوڵاتییانیش پارێزراوە."
بەیانی ئەمرۆ ئەژی ئەمین، بەرپرسی دەزگای زانیاریی و پاراستن\زانیاری ڕایگەیاند، "تاوانبارى تاوانەکانى ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا" کە مەبەست لێی کوژرانی بەرپرسێکی پەکەکە و بریندارکردنی بەرپرسێکی تریانە.
ئەژی ئەمین لە پەیامێکدا (18ی ئەیلولی 2021) دەڵێت، تاوانبارى تاوانەکانى ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو دەستگیرکرا و ڕاپێچى بەردەم یاسا کرا."
دەشڵێت، "ڕیسوایى بۆ تێکدەرانى ناوماڵى کورد، دەستخۆشی بۆ شێرەکوڕانی ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس".
دوێنێ هەینی، 18ی ئەیلولی 2021، شوکرى سەرحەد، کادیرێکی باڵای پەکەکە کە لە سلێمانى کوژرا، ماوەیەک لەمەوبەر بۆ چارەسەرى تەندروستى رووى لە سلێمانى کردبوو، ئەوەش بەپێی میدیاى سەر بە پەکەکە.
میدیاى سەر بە پەکەکە بڵاویکردەوە، “یاسین بولوت” ئەندامی کۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەکەکە، کە بە ‘شوکری سەرحەد’ ناسراوە، ماوەیەک بوو، بەهۆی کێشەی تەندروستیی، هاتبووە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ کاتژمێر ٠٩:٠٠ی بەیانی لە هێرشێکی چەکداریی "میتی تورکیادا" گیانى لەدەستدا.
یاسین بولوت ساڵی 1957 لە شاری قەرسی باکووری کوردستان لەدایک بووە، ساڵی 1978 پەکەکەی ناسیوە و لە کاتی کودەتاکەی 12ی ئەیلولی 1980ـدا لە تورکیا دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە.
یاسین بولوت ساڵى 1991 روو لە چیاکانى کوردستان دەکات، ماوەی 15 ساڵیشە وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان کاری کردووە.
بەپێی میدیاى پەکەکە، شوکری، لە ئەنجامی ئەشکەنجەى زینداندا، کێشەی تەندروستیی بۆ دروست بوو و ماوەیەک بوو، بۆ چارەسەریی ئەو نەخۆشییانە هاتبووە شاری سلێمانیی.