گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

به‌هۆی ره‌خنه‌كانی فه‌یسبوكه‌وه‌ وێنه‌ی هۆتێله‌كه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ی سلێمانی‌ لابرا و پڕۆژه‌كه‌ش راگیرا

2019.06.29 - 21:50
App store icon Play store icon Play store icon
به‌هۆی ره‌خنه‌كانی فه‌یسبوكه‌وه‌ وێنه‌ی هۆتێله‌كه‌ له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ی سلێمانی‌ لابرا و پڕۆژه‌كه‌ش راگیرا

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز له‌ژێر فشاری ره‌خنه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، شاره‌وانی سلێمانی وێنه‌ی هۆتێلی (شاری جوان) له‌سه‌ر دیواری شه‌قامی سالم ده‌سڕێته‌وه‌ و كاره‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش راده‌گرێت. . توانا کەمال، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا بڕیاری گۆڕینی وێنەی سەر دیواری شەقامی سالمی سلێمانی لە ئەنجومەنی شارەوانی دراوە، نەوەک سەرمایەدارێک بێت و هەڕەمەکی وێنە لەسەر دیوارەکە بکێشێت". . وتیشی، بڕیار بووه‌ شوێنە مێژووییەکانی ڕابردووی سلێمانی، وەک مەڵکەندی و گۆیژە و مزگەوتی گەورەی کۆن و چەندین شوێنی دیکە، بەپێی گۆڕانکاری سەردەمەکان له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ بنه‌خشێنرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە دواکەوتووه‌ تا ئەو کاتەی ماوەیەک پێش ئێستا، فاروق گروپ سپۆنسەری بۆ کارەکە پێشکەشکردووه‌. . له‌باره‌ی ئه‌و ره‌خنانه‌ی هه‌ر زوو له‌ پڕۆژه‌كه‌ كرا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی روونیكرده‌وه‌، کێشەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە کۆتایی کارەکەوە دەست بە دانانی وێنەکان کراوە، واتە لە شوێنە دیارەکانی ئێستای سلێمانی، نەوەک ڕابردووه‌وه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ پڕۆژه‌كه‌ و دڵنیایی نیشاندا كه‌ ئه‌گه‌ر کارەکە تەواو بكرایه‌، شتێکی زۆر جوان دەردەچوو. . توانا کەمال جه‌ختی كرده‌وه‌، لەدوای ئەو ناڕەزایەتییەی هاوڵاتیان، بە بڕیاری شارەوانی کارەکەیان ڕاگرتووە و بڕیاری لابردنی وێنەکەشیان داوە، تا ئەوکاتەی بیرۆکەی دیکە بۆ کارەکە دەخرێتە ڕوو. . ئەمە لەکاتێکدایە، فاروق مەلا مستەفا، سەرۆکی فاروق گروپ ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە وێنەی هۆتێلەکەیان لەسەر دیوارەکە لاببەن. . لە دوای لابردنی وێنەی بەشێک لە شاعیرانی کورد لەسەر دیواری شه‌قامی سالم له‌ سلێمانی و کێشانی وێنەی هۆتێلێکی سه‌رمایه‌دارێكی سلێمانی كه‌ سپۆنسه‌ری پڕۆژه‌ی دیواربه‌ندییه‌كه‌ی كردبوو، له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بوه‌وه‌ و وه‌ك شێواندنی سیمای شارستانی و مێژوویی شاری سلێمانی ناویان بردبوو. .