گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیارێك و كۆمەڵێك ئامانج

حەشدی شەعبی بەر لە هەڵبژاردن كاری خۆیان كرد

2021.09.17 - 11:00
App store icon Play store icon Play store icon
حەشدی شەعبی بەر لە هەڵبژاردن كاری خۆیان كرد

ناس كورد_ 

شرۆڤەیەكی سیاسی باس لەوە دەكات گێڕانەوەی 30 هەزار چەكداری حەشدی شەعبی و بەرزكردنەوەی میلاكی ئەم دەزگایە بۆ 200 هەزار كەس چەند لێكەوتەیەكی سیاسی و ستراتیژی هەیە، ئەگەرچی بە ڕواڵەتیش وا دیارە بەسەر حكومەتی كازمیدا سەپێنرابێت بەڵام دەكرێت ببێتە زەخیرە و نیشانەی نیازپاكی بۆ پاش هەڵبژاردن. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی شرۆڤەكە كە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕووداو (RRC) بڵاویكردووەتەوە و "یاسین تەها" نووسیویەتی، دۆسیەی ئەو 30 هەزار چەكدارەی حەشد "المفسوخة عقودهم". دەگەڕێتەوە بۆ هەڵهاتوان و دابڕاوانی نێوان ساڵانی 2015 _ 2018 گفتی گێڕانەوەشیان بۆ كاری پێشوویان بەر لە 2020 و لە سەردەمی ئەبومەهدی موهەندیسەوە وەك مژدە بە جەماوەری گروپە شیعەكان دەدرێت، كەچی جێبەجێكردنەكەی بۆ 27 رۆژ بەر لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 10 تشرینی یەكەمی 2021 دواكەوتووە. 

 

شرۆڤەكە ئەوەش دەخاتەڕوو لە رواڵەتدا گێڕانەوەی ئەم 30 هەزار چەكدارە پرۆسەیەكی كارگێڕی و داراییە، بەڵام هەنگاوەكە لەناواخندا هەڵگری كۆمەڵێك پەیام و پێشهاتیشە كە هەندێكیان ئەمنی و ئەوانیتریان سیاسی و ستراتیژین لەوانەش هەڵكشانی میلاكی حەشد بۆ سەروو 190 هەزار و 200  كەس. ئەمە لە كاتێكدا بەردەوام بۆچونێك و پێداگرییەك هەیە كە پێیوایە پێویستە حەشد هەڵبوەشێتەوە و بەسەر دەزگا ئەمنییەكانی دیكەدا دابەش بكرێت، بەوپێیەی لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕی داعشدا ئیتر بارودۆخی پێكهێنانی حەشدی شەعبیش گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.

 

شیكارەكە باس لەوەش دەكات ئەم گەورەكردنی قەبارەی حەشد لەم كاتەدا، دەكرێت وەها بخوێنرێتەوە كە ئایندەی حەشدی شەعبی مسۆگەرتر دەكات و لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوە یان دابەشكردن و تێكەڵكردن دوورتری دەخاتەوە، وەك چۆن پێشتر و لەساڵی 2016 بە یاسای ژمارە 40 ئەم هێزە ئەمنییە تێكەڵەیە كرایە دەزگایەكی دەستوری كە بە رواڵەت ملكەچی فەرمانی سەرۆكوەزیرانە.

 

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕووقەبەكردنی قەبارەی حەشد لە كاتێكدایە كە هێشتا نەخشەی هێزی قۆناخی داهاتوو یەكلایی نەبووەتەوە، بەر لەوەش لایەنگرانی حەشد دەستپێشخەری خۆیان كرد و قەبارەی دامەزراوەكەی خۆیان قەبەتركرد چونكە، گرەنتی ئەوەیان نییە بتوانن لە بودجەی 2022 یان لە كابینەی داهاتوودا هەنگاوی لەم شێوەیە بە ئاسانی تێپەرێنن.

 

هەر لەبارەی لێكەوتەكانی هەنگاوەكەوە شرۆڤەكە ئاماژە بەوەش دەكات بڕیارەكە دەبێتە كارتی بانگەشە بۆ هاوپەیمانی فەتح و لەگەڵ ئەو لیست و هاوپەیمانییانەی خۆیان لەبەرەی حەشد دەزانن لەچەشنی مالیكی، لەبەرامبەریشدا بۆ حكومەتەكەی كازمی ئەگەرچی لە سەپاندن و بڕیاری نا بەدڵ دەچێت، بەڵام دەكرێت وەك نیشانە و ئاماژەی نیازپاكی سەرۆكوەزیرانی ئێستاش بەرامبەر حەشد لێكبدرێتەوە و ببێتە باڵانس بۆی لەو كاتەی كێبڕكێ لەنێوان كاندیدانی سەرۆكوەزیریدا گەرم دەبێت.

 

بەبۆچوونی شیكارەكە گەیشتنی دامەزراوەی حەشد بە نزیكەی 200 هەزار كەس، هاوكاتیشە لەگەڵ پێشهاتێكی تری گرنگ كە هەوڵەكانی گێڕانەوەی یاسای بە سەربازیگرتنی زۆرەملێیە. ئەم یاسایە كە 18 ساڵە و لەپاش 2003 راگیراوە، جارێكیتر لەلایەن كابینەی كازمییەوە وەك چارەسەر دەبینرێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی بۆ سوپاو هێزە ئەمنییەكان كە ئێستا زیاتر مۆركی مەزهەبی و تایفی و شوناسی لاوەكییان بەسەریدا زاڵە. 

 

لە كۆتاییشدا شیكارەكە جەخت لەوە دەكاتەوە گێڕانەوەی 30 هەزار چەكدار بۆ ریزەكانی حەشد لە ساڵێكی دارایی سك گوشیندا (2021) كە هیچ پلەیەكی دامەزراندن لە بودجەكەیدا نییە، جارێكیتر توانای كارتێكەرە بەهێزەكانی شیعە دەردەخات لە ئاراستەكردنی دەوڵەت، ئەگەرچی بریارەكەش بەڕووكەش كارگێڕی و داراییە، بەڵام زیاتر لە نیشانە و ئامانجێكی لە كاتێكی هەستیاردا پێكاوە و پێشكەوتنی ئەگەرەكانی هەڵبژاردنی داهاتووە كە دەشێت لەسەر ئاستی عێراق بەڕووی زیاتر لە ئەگەرێكدا كراوە بێت.