ناس كورد-
ئاڵا تاڵەبانى بەفەرمى بانگەشەى هەڵبژاردنى لەکەرکوک دەستپێکرد، لەکاتێکدا یەکێتى بە کاندیدى خۆى نازانێت و جەختیکردووەتەوە کە بانگەشەى بۆ ناکات، ئەوەش بەهۆى کێشە ناوخۆییەکانى ئەو حزبە و لایەنگریکردنى لاهور جەنگییەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاڵا تاڵەبانى لە بانگەشەکەیدا وێنەى خۆى و لاهور جەنگى داناوە و لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە "ناس کورد" بینیویەتى دەڵێت "بەڵێن دەدەم هەمیشە لایەنگرى حەق و راستى بم، هەرچەند باجەکەشى قورس بێت، وەک چۆن بەهۆى دۆخى نەخوازراوى حزبەکەم هەموو ئەو فشارانەى لەسەرمانە بەلایەنگرى حەق و شەرعیەت ماومەتەوە، بەردەوام دەبم".
مانگى رابردوو یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەفەرمى ئاڵا تاڵەبانى لەکاندیدى حزبەکە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دورخستەوە، لەکاتێکدا خۆى جەخت لە نەکشانەوەى دەکاتەوە.
ئاڵا تاڵەبانی، كە هاوكات ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبەیە لە پەرلەمانی عیراق لە بازنەی یەكی كەركوك لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) خۆی كاندید كردووە.
دورخستنەوەى ئاڵا تاڵەبانى درێژكراوەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ناو یەكێتی نیشتمانییە كە بەهۆی كێشەی هاوسەرۆكان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە دروست بووە و بەم هۆیەوە ژمارەیەك لەوانەی لەسەر لاهور شێخ جەنگی ئەژمارن دوور خراونەتەوە.
لەسەرەتای قەیرانەكەشەوە (8 تەمموزی 2021) محەمەد تەحسین تاڵەبانی كە برای ئاڵا تاڵەبانییە لە سەرۆكایەتی دەزگای زانیاری بەوەكالەت دوورخرایەوە و چەند كاتژمێرێكیش دەستبەسەركرا.
ئاڵا تاڵەبانی بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕیزەكانی یەكێتی و بریاری سڕكردنی هەڵبوەشێنرێتەوە (تشرینی یەكەمی 2018) و دواتر بكرێتە سەرۆكی فراكسیۆن (14 كانوونی دووەمی 2021)، لە رێگەی هاوپەیمانی بەغدای سوننەكانەوە بۆ جاری سێیەم گەیشتەوە پەرلەمانی عێراق.