ناس کورد-
وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک - گەرمیانی پارتی ڕایگەیاند، لەکاتی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە کەرکوک، هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی، چونکە لەسایەی یاسای نوێی هەڵبژاردندا، دۆخی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە، دەشڵێت، بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ کەرکوک لەگەڵ حکومەتی عێراق لە گفتوگۆدان
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەدنان کەرکوکی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکوک (پێنجشەممە 16ی ئەیلولی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، تا ئێستا بارەگایان بۆ کەرکوک نەبردووەتەوە و بەفەرمی بۆ ئەو شارە نەگەڕاونەتەوە، بەڵام نوسینگەیان بۆ بانگەشە کردن داناوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆ گەڕانەوەی بارەگاکانمان لە گفتوگۆداین لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەمانەوێت سەربەرزانە و شکۆمەندانە بگەڕێینەوە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "عەرەب و تورکمان داوای هەفتەیەک دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکوک دەکەن بۆ ماوەی هەفتەیەک، بەبیانووی گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەمە خۆی بە خۆی ترسیان نیشان دەدات لە گەڕانەوەی پارتی."
عەدنان کەرکوکی ڕوونیشیکردووەتەوە، حیزبەکەی لە کەرکوک تەنها بانگەشە بۆ کاندیدەکانی و بەرنامەی حیزبەکەی بۆ خەڵک ڕووندەکاتەوە و لەکاتی بانگەشەدا هێرش ناکەنە سەر هیچ لایەنێکی کوردی و ڕێنماییان بۆ ئەم مەبەستە بۆ هاتووە."
باسی لەوەشکردووە، " وەزعی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان باش نییە، ئەو هەموو میلیشیایەی ناو کەرکوکدایە، ئاستەنگن لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردندا."