ناس کورد-
كتێبێكی نوێ "Peril" كە نوسەرەكەی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ بوب ودوارد و رۆبێرت كۆستای پەیامنێری واشنتۆن پۆستن ئەوە ئاشكرا دەكات، سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمەریكا لەپاش هێرشكردنە سەر كۆنگرێس رێوشوێنی تایبەتی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ترەمپ نەتوانێت بەئاسانی دەستی بگاتە چەكی ئەتۆمی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی "ناس كورد" لە سەرچاوە ئەمەریكییەكانەوە لەبارەی كتێبەكە كۆی كردووەتەوە (15ی ئەیلولی 2021) مارك مەیلی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان رێوشوێنی تایبەتی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ترەمپ دەستی نەگاتە چەكی ئەتۆمی "چونكە دڵنیا بووە ترەمپ توشی داڕووخانی عەقڵ بووە لە پاش هەڵبژاردنەكان".
مەیلی ئەوەشی وتوە "بۆی هەبوو ترەمپ ببێتە لە یاسا دەرچوو". بۆ ئەم مەبەستەش فەرماندە سوپاییەكەی ئەمەریكا كۆبوونەوەیەكی نهێنی ڕێكخستووە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی تر لە پنتاگۆن و فەرمانی پێكردوون فەرمان لە كەس وەرنەگرن ئەگەر بە زارەكیش دڵنیا نەبنەوە لە ناوەڕۆكەكەی.
كتێبە نوێیەكە 200 چاوپێكەوتنی بۆكراوە و وێنەیەكی سەرنجڕاكێش لەبارەی دوارۆژەكانی سەرۆكایەتی ترەمپ دەخاتەڕوو كە چۆن هاواری كردووە بەسەر یاریدەدەر و ڕاوێژكارەكانی و چۆن توند دەستی بەكورسییەكەیەوە گرتووە، هەر لەو كاتەشدا وڵاتی چین چووەتە دۆخی نائاسایی و چاودێرییەوە بەهۆی گرژییەكانی ئەمەریكا.
بەگوێرەی گیڕانەوە و بەڵگەكانی كتێبەكە نانسی بیلۆسی سەرۆكی كۆنگرێس پەیوەندی بەسوپاوە كردووە و دڵنیا بووەتەوە كە چەكە ئەتۆمییەكان پارێزراون و پێی وتوون "ئێوە دەزانن ترەمپ شێتە. ماوەیەكی زۆرە هەر شێت بووە". فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش وتوویەتی "هاوڕام لەگەڵتدا لە هەموو شتێك".