ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێك لەگەڵ لە دەیڤد هەنت، کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان قۆناغی پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیان لە عێراق تاتوێ كرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
راگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە كە ئەمڕۆ (14ی ئابی 2021) لە هەولێر بەرێوەچوو وێنەی دراوەتە "ناس كورد" باس لەوە دەكات، قوباد تاڵەبانی داوای لە كونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا و شاندی یاوەری كردووە بەریتانیا گەرمتر لەجاران پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بباتە پێشەوە، "شاندەكە پابەندی وڵاتەكەیان دووپات كردەوەتەوە بە درێژەدان بە هاوكارییەكان و پەیوەندییەكان و باشتركردنیان لە قۆناغی داهاتوودا بەتایبەت پاش كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان لە كۆتایی ئەم ساڵ".
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەكە هەردوولا هاوڕابوون لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنی 10ی مانگی داهاتوو، جەختیشیان كردەوە دەبێت بەشێوازێكی تەندروست و پاكوبێگەرد بەڕێوەبچێت. شاندە بەریتانییەكەش ئامادەیی وڵاتەكەیان دەربڕیوە بۆ ڕەوانەكردنی چاودێر بۆ هەڵسەنگاندنی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێكردنی بەندو باوە یاسایی و دیموكراسییەكان.
بەگوێرەی رێككەوتنی عێراق و ئەمەریكا تا 31 كانونی یەكەمی 2021 سەرجەم هێزە شەڕكەرەكان دەچنە دەرەوەی عێراق و نوێنەرایەتی سەربازی هاوپەیمانانیش لە عێراق نزمتر دەكرێتەوە، ئەركی وڵاتانی بیانی لە عێراق دەگۆڕێت بۆ راوێژكاری و مەشقپێكردنی هێزە عێراقییەكان لەوانەش پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان.