ناس کورد-
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەى تشرینی یەکەمی چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی دەنگەکان ڕادەگەیەنرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنەکە بە میدیا عێراقییەکانی وتووە (13ی ئەیلولی 2021) کە "بڕیارێکی دادوەری دەرکراوە و داوا دەکات هەموو لایەنەکان ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتی و تایبەت لە ڕۆژێکدا ڕابگەیەنن، چەند کاتژمێرێک دوای داخستنی دەنگدان، ئێمەش پابەندین بەو بڕیارە".
وتیشی، "کۆمسیۆن سەرجەمی کەلوپەلی هەڵبژاردن و مەرەکەب و کاغەزی دەنگدانی وەرگرتووە و دوایین تاقیکردنەوەی ئەزمونیی هەڵبژاردنیش لە کۆتایی ئەم مانگەدا بە ئامادەبوونی دەستەی دەنگدان ئەنجام دەدرێت".
غەلای باسی لەوەشکرد کە "ڕێکخەرانی کۆمسیۆن بەدواداچوون و چاودێری هەموو پێشێلکارییەکان دەکەن لە هەڵمەتی بانگەشەدا و چەند حاڵەتێکیش بۆ سزادان دەستنیشان کراون".
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بۆ 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.