ناس کورد-
ئەو مامۆستا ئاینییەى نوێژى مردووى لەسەر تەرمەکەى کۆیە کرد کە بانگەشەى "جوڵان و زیندووبوونەوەى" کرا جەختدەکاتەوە کە ئەو حاڵەتەى ئەو بینیویەتى "ئاسایی نەبووە" و بەچاوى خۆى جوڵەکانى تەرمەکەى بینیوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
درەنگانى شەوى رابردوو رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى هاوڵاتییەک بەناوى غەفور عەبدوڵا لەکۆیە بەخێرایی لەماتەمەوە گۆڕا بۆ دۆخێکى پڕ لە شۆک و سەرسوڕمان، کاتێک بەشێک لە بەشداربووانى رێوڕەسمەکە بانگەشەى ئەوەیانکرد کە تەرمەکە جوڵاوەتەوە، بەڵام دواى بردنى بۆ نەخۆشخانە جەختکرایەوە کە گیانى لەدەستداوە.
دەرباز جەلیلزادە مامۆستاى ئاینى کە لەمەراسیمى بەخاک سپاردنەکە ئامادەبوو بۆ "ناس کورد" جەختیکردەوە کە ئەو بەچاوى خۆى جوڵەى تەرمەکەى بینیوە و گوێشى لە ترپەى لێدانى دڵى بووە، بۆیە بەبڕواى ئەو یان ئەو کەسە سەرەتا نەمردبوو، یان ئەوکاتە زیندووبووەتەوە.
دەرباز کە بەوردیی چاودێرى ناشتنى تەرمەکەى دەکرد وتیشى "ئەوانەى تەرمەکەیان شۆڕکردەوە بۆ ناو گۆڕەکە، وتیان مامۆستا دەجوڵێتەوە و ناڵەشى لێوەدێت، کە دەرمانهێنایەوە، مەیتشۆرەکەش وتى لەکاتى شۆردنیش یەک دووجار جوڵاوە".
دواى ئەو قسانە، مامۆستا دەرباز داوا لەو کەسانە دەکات کە لەناو گۆڕەکەدان کفنەکە بکەنەوە و دەستبدەنە دەمارى ملى تەرمەکە، بەڵام کەس ئامادەنەبوو ئەوە بکات، بۆیە مامۆستا خۆى دەچێتە ناو گۆڕەکە و کفنەکە لە تەرمەکە دەکاتەوە.
"کە کفنەکەم کردەوە بینیم هەردوو دەستى لاى سەرى دانابوو، لەکاتێکدا مردوو لەکاتى کفنکردنى دەستەکانى وەک قاچى بەراستى دادەنرێت، وتم ئەوە خۆى وابوو، وتیان نەوەلا، منیش وتم کەواتە جوڵاوە".
زانيارى زياتر چیرۆکى تەرمە ’’جوڵاوەکەى’’ کۆیە؛ ’’فرمێسک بەچاویدا هاتە خوارەوە’’
دواتر مامۆستا و چەند کەسێکى دیکە گوێ بەدڵى تەرمەکەوە دەنێن تا بزانن لێدەدات یاخود نا "خۆم گوێم لەدڵى گرت و لێیدەدا، فرمێسکیش بەچاویدا دەهاتە خوارەوە، وتم کاکە ئەوە رۆحى تێدایە و بیبەنە نەخۆشخانە".
وتیشى "تەرمەکە دواتر برایە نەخۆشخانە، ئۆکسجینیان پێدابوو، کارەباشیان لێدابوو، لەوێ گیانى لەدەستدابوو".
ئەو مامۆستا ئاینییە، هەرچەندە باوەڕى بە لێکدانەوەى پزیشکەکان هەیە لەبارەى ئەوەى لەرووى پزیشکییەوە هەندێ ئەندامى جەستەى مرۆڤ تا پاش ماوەیەک لە مردنى نامرێت و ئەگەرى جوڵەى تەرم هەیە بەهۆیەوە، بەڵام دەڵێت "ئەو حاڵەتە ئاسایی نەبوو، چونکە دەست و لاقى دەجوڵان ورۆحى تێدا مابوو".
دەشڵێت "من رۆژانە تەرم دەبینم، ئەمە ئاسایی نەبوو، ئەگەر جارى یەکەمیش مردبێت خواى گەورە وەک موعجیزە رۆحى بەبەردا کردبووەوە".