ناس کورد-
تۆپخانەکانى ئێران دەستیانکردەوە بە تۆپبارانکردنى سنورەکانى هەرێمى کوردستان بەپاساوى هێرشکردنە سەر پێگەى حزبە کوردییەکانى رۆژهەڵات، حزبى دیموکراتیش دەڵێت لە پێنج رۆژدا 16 درۆنى بۆمبڕێژکراو بەکارهێنراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی سەر بە حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٢، كاتژمێر ٨ی به‌یانی به كاتی هه‌ولێر سه‌رله‌نوێ هێزه‌كانی ڕێژیمی ئێران تۆپبارانی ناوچه‌كانی "به‌ربزین و سیدهكانـ"ـیان كردووه.
ئاماژەى بەوەشکردووە، له ڕۆژی پێنجشه‌ممه ١٨ی خه‌رمانانه‌وه، بۆردوومان و تۆپبارانی به‌رزاییه‌كانی كوردستان ده‌ستی پێ كردوه و له‌و هێرشه‌دا له ١٦ دڕۆنی بۆمبآرێژکراو كه‌ڵكی وه‌رگرتوه، هه‌روه‌ها زیاتر له ١٥ جار به شێوه‌ی ناوه به ناوه بە تۆپ و كاتیۆشا هێرشی كردووەته سه‌ر به‌رزاییه‌كان و به شێوه‌یه‌كی نزیک له به‌رده‌وام، فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی به سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێته‌وه.
بەپێی راگەیەنراوەکە، له‌و هێرشانه‌ی هێزه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر ئه‌و ناوچانه، زیانی ماددی به ژیان و ماڵی خه‌ڵكی سیڤیلی ناوچه‌كه گه‌یشتووه و هیچ زیانێكی گیانی به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌گه‌یشتووه.
بۆردومانەکانى ئێران دوای هەڕەشەکانی سوپای پاسداران دێت بۆ هێرشکردنەسەر و بۆردومانکردنی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان.
دوێنێ یەکشەممە لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئێران، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبووەوە و تاووتوێی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان کرد.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا، عەلی شەمخانی نیگەرانی ئێرانی لە بوونی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی عێراق (هەرێمی کورستان) گەیاندووەتە کازمی و بە تێکدانی ئەمنییەتی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات تۆمەتباری کردوون.
هاوکات سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران داواشی لە کازمی کردووە، "بەخێرایی ئەو لایەنانە لە چەک دابماڵرێن و لە خاکی عێراق بکرێنەدەرەوە."