گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

پرسی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هات

2021.09.13 - 09:52
App store icon Play store icon Play store icon
پرسی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و ئێران گۆڕانکاریی بەسەردا هات

ناس کورد- 

باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، هەڵگرتنی ڤیزای ئێران و عێراق بۆ هاووڵاتیانی هەردوو وڵات تەنها بۆ گەشتی ئاسمانییە و دەشڵێت، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ئەگەر کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ کرا ئەوا هەڵگرتنی ڤیزا بۆ سەرجەم گەشتەکان بێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا (دووشەممە 13ی ئەیلولی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان عێراق و ئێراندا کراوە، تەنها ئەو کەسانەی لە ڕێگەی گەشتی ئاسمانییەوە گەشت دەکەن پێویستیان بە ڤیزا نییە. 

 

وتیشی، "پێدەچێت لە داهاتوودا و ئەگەر پەتای کۆرۆنا کۆنترۆڵ کرا و بارودۆخەکە باش بوو ئەوا هەڵگرتنی ڤیزا گەشتی وشکانیش بگرێتەوە."

 

هاوکات سەعید خەتیب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەهەمانشێوە لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، "هەڵگرتنی ڤیزای عێراق بۆ هاووڵاتیانی ئێران تەنها گەشتی ئاسمانی دەگرێتەوە."

 

یەکشەممە 12ی ئەیلولی 2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە تاران کۆبوونەوە.   

  

لەدوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، مستەفا کازمی ڕایگەیاند، "سوپاسی میواندارییەکەی سەرۆک دەکەین، کۆمەڵێک پرسی هاوبەشمان تاووتوێ کرد کە تایبەتن بە پەیوەندی برایەتی و مێژوویی نێوان هەردوولا."   

  

هاوکات بە ئاماژەدان بەوەی کە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەن کە لە شەڕی داعشدا هاوکاریی عێراقیان کردووە، کازمی ڕایگەیاند، "ئێران لە یەکەم ساتەوە لە شەڕی دژی داعش لەگەڵماندا بووە."   

  

لە بەرامبەردا ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، "پەیوەندی قوڵمان لەگەڵ عێراق هەیە و چاویشمان لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانە."   

  

وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەماندا چەند بڕیارێکمان دا، لە نێویاندا ڕێککەوتین بە هەڵگرتنی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات."