ناس کورد-
واین ماروتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق وردەکاری هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر فڕۆکەخانەی هەولێری ئاشکرا کرد و دەڵێت، بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە بەڵام هیچ زیانی نەبووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماروتۆ لە تویتێکیدا (12ی ئەیلولی 2021) نوسیویەتی، "نزیکەی کاتژمێر 11:43 خولەکی شەوی ڕابردوو بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر هێزەکانمان لە هەولێر، ئەوانیش ڕێکاری پاراستنی پێویستیان گرتەبەر و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان خرانەخوارەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێک لە فڕۆکە تێکشکێنراوەکان کەوتە ناو سنووری بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و فڕۆکەکەی دیکەش کەوتە دەرەوەی سنوری بنکەکە، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتووەتەوە".
واین مارۆتۆ ڕاشیگەیاند، هەر هێرشێک کە دەکرێتە سەر حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان، دەسەڵاتی دامەزراوە عێراقییەکان، "سەروەریی یاسا و سەروەریی نیشتمانیی عێراق لەناودەبات".
هەروەها دەشڵێت، ئەو هێرشانە ژیانی خەڵکی سیڤیل، هێزە هاوبەشەکانمان لە سوپای عێراق، هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان دەخەنە مەترسییەوە.