کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
بەرهەم ساڵح لەکاتى سەردانى بۆ لاى شاژنى بەریتانیا، تابلۆیەکى پێشکەش بە شاژنە ئەلیزابێس کرد، کە ئەو تابلۆیە لە نمایشێکدا بەناوى عەشقى بەهار لە بەغداد بەشدارى پێکراوە، دواتر لەلایەن خودى سەرۆککۆمارەوە دیاریکراوە بۆ ئەوەى وەک دیارى بیبەخشێت بە کۆشکى بەکینگھام.
.
سەرچاوەیەکى ئاگادار، تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند، بەر لە سەردانەکەى، بەرهەم ساڵح چووەتە بورجى بابل لە بەغدادى پایتەخت و چەند تابلۆیەکى هونەرمەندانى عێراقى کڕیوە و لەگەڵ خۆیدا بۆ بەریتانیای بردوون.
.
ئەو تابلۆیەى کە بەرهەم ساڵح پێشکەشى شاژنە ئەلیزابێسى کردووە، لەنێو پێشانگایەکى تاکەکەسى هونەرمەندى عێراقى 'ئەیاد زوبێدى' لە بورجى بابل لە بەغداد نمایشکراوە، کە ناوى پێشانگاکە 'عەشقى بەهار' بووە و لە 18ى نیسانەوە نمایشکراوە.
.
.
پێشانگاى عەشقى بەهار کە 13مین پێشانگاى هونەرمەندە عێراقییەکەیە، لەبارەى هەڵبژاردنى ئەو ناوە بۆ پێشانگاکەى، عەلى ئیبراهیم دلێمى نوسەرى عێراقى باسیلەوە کردووە: "بیرۆکەى تابلۆکانى پێشانگاکەى زوبێدى لە ڕۆمانى 'جادووگەرە گەورەکە'ى نوسەر ئەمجەد تۆفیق وەرگیراوە، باس لە کچێکى ئێزدى دەکات کە وەک کەنیزەک لەدەستى مافیا تاوانکارەکان بووە، دواتر گەنجێکى موسڵى ڕزگارى دەکات، خۆشەویستى لەنێوان کچە ئێزدییەکە و گەنجە موسڵییەکە دروستدەبێت و بە هاوسەرگیرى چیرۆکەکە کۆتایی دێت".
.
لاى خۆشییەوە ئەو هونەرمەندە لە پەڕەى خۆى لە فەیسبووک نوسیوێتى: "هونەر زمانێکى هاوبەشە لەنێوان هەموو نەتەوەکانى سەر زەوى، مایەى سەربەرزییە کە پیاوى یەکەمى دەوڵەت گرنگى بە هونەر بدات، هەڵگرتنى بەرهەمێکى نەتەوەکەى لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ کۆشکى شاژنى بەریتانیا، کە یەکێک لەکارەکانى من بوون، دواتر پێشکەشى شاژنى بەریتانیاى کرد، مایەى شانازییە".
.
.
دوێنێ پێنجشەممە، 2019/6/27 بەرھەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق، لە کۆشکی بەکینگھام لە لەندەن لەلایەن شاژنی بەریتانیا ئێلیزابێسی دووهەمەوە، بەفەرمی پێشوازی لێکرا.
.
لە دیدارەكەدا خانمی یەكەمی عێراق ئامادەبوو، کە لەدواى ساڵى 1956ەوە یەکەم سەرۆککۆمارى عێراق بووە لەلایەن شاژنى ئەو وڵاتەوە پێشوازى لێکرابێت و بۆ یەکەمجاریشە خانمى یەکەم عێراق سەردانى ئەو کۆشکەى کردبێت.
.
.