ناس کورد-
سیستەمی ئەلیكترۆنی نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی بازرگانی عێراق كەوتەكار، بەوەش مامەڵەى نێوان هەردوو وەزارەتەکە لە هەشت رۆژەوە بۆ کاتژمێرێک کەمکرایەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئەمڕۆ پێنج شەممە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، لە رۆژی پێنچشەممە رێكەوتی 9-9-2021 سیستەمی ئەلیكترۆنی خرایە كار و یەكەمین نووسراو لە نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی عێراق لە رێگەی ئەلیكترۆنەوە نێردرا.
لاى خۆیەوە، بڵند مەحەمەد مەولود بەرێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان وتى "لەمڕۆ بە دواوە لە رێگەی سیستەمی ئەلیكترۆنیەوە مامەڵە و كارەكان نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بازرگانی عێراق بە شێوەی ئەلیكترۆنی (ئۆڵاین) بەڕێوەدەچێت".
پرۆسەی بە ئەلیكترۆنی كردنی كارەكان لەلایەن نوێنەرانی هەرێم لە بەغداوە نێوان وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی تەكنیكی وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرپەرشتی كراوە.
سیستەمەكە لە دوای (6) مانگ تاقیكردنەوە و كاركردندا دواجار سیستەمەكە خرایەكار لە پێشوودا نووسراوێكی نێوان وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی و وەزارەتی بازرگانی عیِراق زیاتر لە هەفتەیەكی دەخایاند بە تێچووەوە، بەڵام ئێستا لە رێگەی ئەو سیستەمەوە كەمتر لە كاتژمێرێك و بەبێ تێچوو كارەكان رایی دەكرێن، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوەکە.