ناس کورد-
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی (کەمتر لە 2019 و 2018) بە قاچاخ داخڵکراون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حەمەساڵح لە ڕوونکردنەوەیەکدا (8ی ئەیلولی 2021) دەڵێت ئەو دۆسیەیانەی لەڕێگای داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکییەوە ڕەوانەی دادگا کردووە و دەڵێت، نرخی داخڵکردنی ئەم ئۆتۆمبێلانە بۆ بەرپرسان 10 ھەزار دۆلار بووە.
دەشڵێت، "ئەم ئۆتۆمبێلە خوار مۆدێلانە کە بە قاچاخ ھاتوون و ژمارەی کاتییان نەبووە بەپێی یاسا نابێت ژمارەیان پێبدرێت، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی دەستم کەوتوە ژمارەیەک ئۆتۆمبیل کە بەقاچاخ داخڵبوون لەلایەن بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆوە لە بەڕێوبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی ژمارەیان پێدراوە."
عەلی حەمەساڵح جەختی کردووەتەوە کە بەپێی گوتەی چەند کەسێکی ئاگادار "ھەر ئۆتۆمبێلێک بە 10 ھەزار دۆلار ژمارەی پێدراوە".
باسی لەوەشکردووە کە "من بەڵگەنامەی 57 ئۆتۆمبێلم دەستکەوتوە کە تەنیا لە دوو مانگی ڕابردودا کراون، نازانم چی دیکەش کراوە."
دەشڵێت، "44 ئۆتۆمبێل بە قاچاخ داخڵبووە و بێ سەرەتایە.. ژمارەی کاتی نییە و ژمارەی سلێمانی بە نایاسایی پێدراوە، دوو ئۆتۆمبیلی بێ سەرەتا، بە نایاسایی ژمارە کراوە و مۆڵەتی درعیشی پێدراوە، 11 ئۆتۆمبێلیش بەنایاسایی کراون بە درع."