ناس کورد-
زیاتر لە نیوەی بەشدارانی راپرسییەك بڕیاریان ئەوەیە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن و 29% بەشدارانیش سورن لەسەر بەشداریكردن، هێشتا 14% ی بەشدارەكانیش خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
راپرسییەكە كە وێنەی لای "ناس كورد" هەیە (7ی ئەیلولی 2021) 3 هەزار و 600 كەس بەشدارییان تێدا كردووە لە 18 پارێزگای عێراق و "سەنتەری كلوذا بۆ تویژینەوە" سەرپەرشتی كردووە (1080 ژن و 2520 پیاو) گەیشتووەتە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە:
ـ 57% بڕیاریانداوە بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن
ـ 29% بەشداری دەكەن و 14% خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوە هێشتا
ـ 68% لەگەڵ جیاكردنەوەی دەنگەكانن بە شێوەی دەستی لەپەنا ئەلیكترۆنیدا
ـ 83% پێیانوایە بەكارهێنانی كارتی كورت مەودا دەبێتەهۆی ساختەكاریی
ـ 82% پێیانوایە چاودێری نێودەوڵەتی هیچ نابێتەهۆی ڕێگریكردن لە تەزویر
ـ 83% هیچ ڕازی نین لە رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیمە هونەرییەكەی لە عێراق
هەڵبژاردنی پێشوەختە
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت.
ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە، 9 كورسیشییان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە و 1 كورسی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی و كوردانی فەیلییە لە كوت.
لیست و كاندیدەكان:
ژمارەی هێزە بەشدارەكان: 44 هاوپەیمانێتی و 267 حیزب
ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس
سەربەخۆكان 887 كاندید
حیزبەكان 1002
هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید
لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ.
لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.