ناس کورد-
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم سێ بڕیاری لەبارەی ڕاییکردنی مامەڵەکانی وەزارەتەکە ڕایگەیاند و دەڵێت، هەر فەرمانگە و ناوەندێکی خوێندن جێبەجێی نەکات روبەڕوی سزا دەبێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی سەربە وەزارەتەکەی کردووە و تیایدا سێ بڕیاری ئاڕاستە کردوون کە تایبەتن بە ڕاییکردنی مامەڵەکردنی هاووڵاتیان.
دەقی بڕیارەکان:
١-لە ھەموو ئاستەکانی بەرپرسیارێتی و فەرمانبەرێتی، پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن، بەشێوەیەکی خێرا و بێ ھیچ دواکەوتنێک کاروباری ھاوڵاتییان و سەردانیکاران لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکان بەڕێ بکەن. ئەو کارەی کە یاسا و رێنمایی ڕێگەی پێداوە، دەبێت بە زووترین کات ئەنجام بدرێت. ھەرکارێکیش روبەڕوتان ببێتەوە لەدەرەوەی یاسا و رێنمایی، نابێت سەردانیکار بێ وەڵام بێت. دەبێت بەشێوازێکی کارگێڕی دروست وەڵام بدرێتەوە.
٢- دەبێت بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردە و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، دەوام بەجێنەھێڵن تا دوا نووسراو واژووی لەسەر دەکرێت، لە رۆژانی دەوام.
٣- وەزارەت بەشی سکاڵای ئەلیکترۆنی ھەیە، کە ژمارەکانی دیارە و ھەر سکاڵایەک بگاتە وەزارەت لەسەر دواکەوتنی مامەڵەی ھاوڵاتییان یان شێوازی مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ سەردانیکارانی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ناوەندەکانی خوێندن لەڕێگەی (بەڕێوەبەرایەتیی بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت) بەدواداچوونی جددی لەسەر دەکرێت.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، " پاش بەدواداچوون فەرمانبەری کەمتەرخەم لەھەر ئاستێکی بەرپرسیارێتی بێت (تایبەت - ئاسایی) پارێزراو نابێت لە لیژنەی لێکۆڵینەوە و سزای کارگێڕی بەگوێرەی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ساڵی ١٩٩١ی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت."