ناس کورد-
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، لە بەرامبەر پۆستەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا، چاویان لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارە، بەڵام ئەو ناوانەی بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران باسیان لێوەدەکرێت، بۆ بازاڕ گەرم کردنە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەعدی پیرە ئەمڕۆ دووشەممە لەبارەى ناوهێنانى چەند سەرکردەیەکى یەکێتى بۆ پۆستى سەرۆککۆمار بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند "ئەو ناوانە هەریەکە و لەلایەکەوە باسیان دەکرێت، لایەک یەکێکی خۆش دەوێت و ناوی دەبات، لایەکی تر، ئەوی خۆش ناوێت و باسی یەکێکی تر دەکات، تائێستا یەکێتی کاندیدی ئەو پۆستەی ساغ نەکردووەتەوە".
وتیشى "باسکردنی ئەو مەسەلە لە ئێستادا بۆ بازاڕ گەرم کردنە، یەکێتی کادیری زۆرە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەر لە کاک دکتۆر بەرهەمەوە تا خەڵکی تر، با هەڵبژاردن تەواو بێت، ئینجا یەکێتی کاندید دیاری دەکات."
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد پشکی کورد لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم گرێدراوی یەکن، بۆیە یەکێتی چاوەڕوانی بەدەست هێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات.