ناس کورد-
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداری توند دەداتە هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دروستکردنی نائارامی لە ناوچە سنورییەکانی ئێران قبوڵنەکراوە و دەڵێت، وەڵامیان دەدەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئەیلولی 2021، محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی بنکە و بارەگاکانی سوپاسی پاسدارانی لە ناوچە سنورییەکانی نیوان ئێران و عێراق کردووە.
بەگوێرەی میدیاکانی ئێران لە سەردانەکەیدا فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، "چەندین ساڵە گروپە چەکدارەکان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هێرش دکەنە سەر ناوچە سنورییەکانی ئێران و بوونەتە مایەی تێکدانی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخە ئاگادارکراونەتەوە و پەیامی خۆمان پێ داون."
پاکپور بە ئاماژەدان بەوەی کە نابێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگە بەو لایەنانە بدەن خاکەکەیان بەکاربهێنن دژی کۆماری ئیسلامی، جەختی لەوەشکردووەتەوە، "هەر کەمتەرخەمییەک لەو چوارچێوەیەدا پێچەوانەی پەیوەندیی باشی و دراوسێیەتی نێوان هەردوو وڵاتە."
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامدانەوەی یەکلاکەرەوە، داوا لە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان دەکەین کە نزیکی بارەگای ئەو حزبانە نەکەونەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات."