ناس کورد-
داواکاری گشتیی هەرێم لەسەر دۆسیەی "گۆڤەند" لیژنەیەکی پێکهێنا و دەڵێت، ڕێکاری یاسایی دژ بەو کەسە دەگیرێتەبەر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێم (یەکشەممە 5ی ئەیلولی 2021) ڕایگەیاند، "ئەمرۆ یەکشەممە، بە سەرپەرشتی بەرێز سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیەک ئەنجام درا لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لایەنی پەیوەندیدار."
ئاماژە بەوەشکراوە، "وێرای سەر کۆنەکردنی ئەو کارە نەشیاوەی دەربارەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە کەسێک بەناوی (گۆڤەند) بلاویکردووەتەوە لە سۆشیال میدیا بەم دواییە کە تەشهیرە بەو ئافرەتان و پیاوانەی کە لە گرتە ڤیدیۆکان ناویان هاتووە، بریاردرا بە پێک هێنانی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی ئەم بابەتە و چەند رێکارێکی یاسایی دژ بەو کەسە بگرێتەبەر."
لەڤیدیۆکاندا کە بەشێوەیەکى خێرا و بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە چەند کچێک بەبێ شاردنەوەى روخسارى خۆیان و بە ئاشکرا دەردەکەون کە داواى لێبوردن لەکەسێک بەناوى "گۆڤەند" دەکەن تا ڤیدیۆ و وێنە تایبەتییەکانیان بسڕێتەوە کە لەبڵاویکردوەتەوە.
ەپێی شێوەزارى قسەکردنى قوربانییەکان لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە لەسنورى پارێزگاى هەولێردان، دەستەى مافى مرۆڤیش جەختدەکاتەوە کە ئەو دۆسیەیە تەنها لەسنورى ئەو پارێزگایەدایە.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسى هەولێر پێنجشەممە (2 ى ئەیلولى 2021) بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند "تائێستا هیچ کەسێک نەهاتووە سکاڵا لەو کەسانە تۆمار بکات تا پۆلیس بە کارى خۆى هەستێت".
بەڵام سەرچاوەیەکى دادوەرى بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، ئەو دۆسیەیە پێویستى بە سکاڵا ناکات تا بەدواداچوونى بۆ بکرێت، چونکە بەڵگەکان لەبەردەستن.
سەرچاوەکە باسى لەوەکرد، یەکێک لە قوربانییەکانى ئەو دۆسیەیە، منداڵى پارێزەرێکە لە هەولێر و پێویستە دەزگا ئەمنییەکان و دادگا لەسەر ئەو پرسە کار بکەن، چونکە ئەوە ئیشى ئەوانە.
ئەو کوڕەى خۆى بەناوى "گۆڤەند" ناساندووە پاساوى کارەکەى بۆ گەڕاندووەتەوە کە ئەو کەسانە خەڵکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "هەڵخەڵەتاندووە"، قوربانییەکانیش لە قسەکانیاندا پەشیمانى لەکارەکانیان دەردەبڕن، بەڵام بەپێی یاسا هەر دۆسیەیەکى لەو شێوەیە دەبێت لەڕێگەى یاساوە یەکلایی بکرێتەوە.
سلێمان موحسین بەڕێوبەرى گشتى پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤى هەرێم، بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند "بەپێى بە دواداچونەکانى ئێمە چوار کچ و کوڕێک ناچار بە تۆمار کردنى ڤیدیۆى پەشیمانى کراون لە لایەن ئەو کەسانەوە".
سلێمان موحسین ئەوەشى وت، تەمەنى ئەو کوڕ و کچانە لە نێوان (18 - 25) ساڵیدایە. ئاماژەى بەوەشکرد، ئەم بابەتە تائێستا هەر لە سنورى هەولێردا هەیە.