کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- تەندروستی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە ڤایرۆسی جگەر لە کەمپی ئاشتی عەربەت بڵاوبوبێتەوە و دەڵێت، ئەو ئاوارانەی ئێستا هەڵگری ڤایرۆسەکەن، پێشتر تووشبوون و حاڵەتەکانیشیان چالاک نییە. . دکتۆر یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، هیچ ئامارێکی ئەوتۆ لەبەردەست نییە تا پشتڕاستی بکاتەوە چەند حاڵەتی ئەو نەخۆشییە لەناو ئاوارەکانی کەمپی ئاشتی عەربەتدا هەیە. . جهختیشی لەوەکردەوە، حاڵەتەکانی ئەو نەخۆشییە لەناو ئاوارەکاندا چالاک و مەترسیدار نییە و کۆنترۆڵکراوە، بەردەوامیش پشکنینان بۆ دەکرێت. . لای خۆیەوە، چیا حسێن، بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە زیادبوونی ئەو حاڵەتانە دەکات و وتی، بارودۆخی کەمپەکە ئارامە و لە ئێستاشدا کار بۆ گەڕاندنەوەیان دەکەن. . چیا حسێن بە ناس کوردی وت، بڕیارێکی نوێ هاتووە بەپێدانی ملیۆنێک و 500 هەزار دینار بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە کە بیەوێت بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی. . وتیشی، ئەمساڵ 490 خێزانی ئاوارە لە سنوری سلێمانی، داواکاری گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان پێشکەشکردووە. . بهوتهی بەڕێوەبەری نوسینگەی سلێمانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە ئێستادا 35 هەزار خێزانی ئاوارە لە سنوورەکەدا هەیە کە سێ هەزار و 200 خێزانیان بەسەر پێنج کەمپی ناحیەی عەربەت دابەشبوون. .