گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێک لە قوربانییەکان ’’باوکى پارێزەرە’’

گۆڤەند؛ دۆسیەیەکى گەرمى بێ سکاڵا

2021.09.02 - 13:05
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڤەند؛ دۆسیەیەکى گەرمى بێ سکاڵا

ناس کورد-

 

دۆسیەى ناچارکردنى ژمارەیەک کچ بە قاچ ماچکردنى گەنجێک بەناوى گۆڤەند و پەشیمانکردنەوەیان بێ سکاڵا ماوەتەوە، ئەوەش چارەنوسى ئەو پرسەى کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنیوە بە هەڵواسراوى هێشتووەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەڤیدیۆکاندا کە بەشێوەیەکى خێرا و بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە چەند کچێک بەبێ شاردنەوەى روخسارى خۆیان و بە ئاشکرا دەردەکەون کە داواى لێبوردن لەکەسێک بەناوى "گۆڤەند" دەکەن تا ڤیدیۆ و وێنە تایبەتییەکانیان بسڕێتەوە کە لەبڵاویکردوەتەوە.

 

دوان لەکچەکان لەڤیدیۆیەکدا دەڵێن "جارى تر کارى لەو شێوەیە ناکەین …..خوارد"، کچێکى تر دەردەکەوێت کە لەگەڵ وتنى وشەى پەشیمانى قاچى کوڕێک ماچدەکات.

 

پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بەفەرمى هێشتا هیچ شتێکیان لەبارەى ئەو دۆسیەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و چاوەڕوانى سکاڵان بۆ ئەوەى لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێبکەن.

 

بەپێی شێوەزارى قسەکردنى قوربانییەکان لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت کە لەسنورى پارێزگاى هەولێردان، دەستەى مافى مرۆڤیش جەختدەکاتەوە کە ئەو دۆسیەیە تەنها لەسنورى ئەو پارێزگایەدایە.

 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسى هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە (2 ى ئەیلولى  2021) بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند "تائێستا هیچ کەسێک نەهاتووە سکاڵا لەو کەسانە تۆمار بکات تا پۆلیس بە کارى خۆى هەستێت".

 

بەڵام سەرچاوەیەکى دادوەرى ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ "ناس کورد" باسى لەوەکرد، ئەو دۆسیەیە پێویستى بە سکاڵا ناکات تا بەدواداچوونى بۆ بکرێت، چونکە بەڵگەکان لەبەردەستن.

 

سەرچاوەکە باسى لەوەکرد، یەکێک لە قوربانییەکانى ئەو دۆسیەیە، منداڵى پارێزەرێکە لە هەولێر و پێویستە دەزگا ئەمنییەکان و دادگا لەسەر ئەو پرسە کار بکەن، چونکە ئەوە ئیشى ئەوانە.

 

ئەو کوڕەى خۆى بەناوى "گۆڤەند" ناساندووە پاساوى کارەکەى بۆ گەڕاندووەتەوە کە ئەو کەسانە خەڵکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان "هەڵخەڵەتاندووە"، قوربانییەکانیش لە قسەکانیاندا پەشیمانى لەکارەکانیان دەردەبڕن، بەڵام بەپێی یاسا هەر دۆسیەیەکى لەو شێوەیە دەبێت لەڕێگەى یاساوە یەکلایی بکرێتەوە.

 

سلێمان موحسین بەڕێوبەرى گشتى پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤى هەرێم، بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند "بەپێى بە دواداچونەکانى ئێمە چوار کچ و کوڕێک ناچار بە تۆمار کردنى ڤیدیۆى پەشیمانى کراون لە لایەن ئەو کەسانەوە".

 

سلێمان موحسین ئەوەشى وت، تەمەنى ئەو کوڕ و کچانە لە نێوان (18 - 25) ساڵیدایە. ئاماژەى بەوەشکرد، ئەم بابەتە تائێستا هەر لە سنورى هەولێردا هەیە.