گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

گۆڕان لەسەر چوونى ’’ژمارەیەک هەڵسوڕاوى بۆ ناو پارتى’’ رونکردنەوە دەدات  

2021.09.02 - 11:28
App store icon Play store icon Play store icon
گۆڕان لەسەر چوونى ’’ژمارەیەک هەڵسوڕاوى بۆ ناو پارتى’’ رونکردنەوە دەدات  

ناس کورد-

 

مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەولێر رایگەیاند، چوونى ژمارەیەک هەڵسوڕاوى بزوتنەوەکە بۆ ریزەکانى پارتى "راست نییە" و ئەو کەسانە پەیوەندییان بە بزوتنەوەکەوە نییە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هێمن شێخانى باژێڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، دوێنێ کە دەکاتە ڕۆژێک دوای 31ی ئاب، لە لقی دووی پارتیدا وێنەی پۆلێک گەنج بڵاو دەکرێتەوە، گوایە هەڵسوڕاوی گۆڕانن و چونەتە ڕیزەکانی پارتی.

 

دەشڵێت "ئەوانەی لە وێنەکەدا دیارن تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش گۆڕان نەبونە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو هیچ کامێکیان هەولێری نین".

 

دەقى رونکردنەوەکە:



ڕونکردنەوەیەک لە مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لەهەولێر

تەنها ڕۆژێک دوای ( 31ی ئاب ) لقی دووی پارتی کە خاوەنی 75 ساڵ خەباتە، لەجێی ئاشتکردنەوەو خزمەتکردنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و لەگەڵ دەستپێکی بانگێشەیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەجێگەی ئەوەی بەڵێنی گەڕانەوەی مافەدەستوریەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، دەستیان کرد بە درۆکردن.

 

٭ دوێنێ کە دەکاتە ڕۆژێک دوای 31ی ئاب، لە لقی دووی پارتیدا وێنەی پۆلێک گەنج بڵاو دەکرێتەوە، گوایە هەڵسوڕاوی گۆڕانن و چونەتە ڕیزەکانی پارتی، من سەرەتا بە هاوڕێیانی لقی دوو دەڵێم، ئەگەر ئەمەتان بۆ ئافەرینێک کردووە کە سەروی خۆتان لێتان بکات ئەوا دڵنیابن سەرۆکەکەشتان باوەڕ بەم درۆیە ناکات، چونکە ئەوانەی لە وێنەکەدا دیارن تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش گۆڕان نەبونە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو هیچ کامێکیان هەولێری نین، ئەگەر بۆ بانگێشەش کردوتانە ئەوا دڵنیابن بەم ڕەفتارانە بچوکتر دەبنەوە، ئەگەر لە بزوتنەوەی گۆڕان و مەکۆی هەولێریش ترستان هەیە ئەوا پێویستە بەخۆتاندا بچنەوە، چونکە گۆڕان واتە دەنگی ناڕازی، گۆڕان واتە خەڵکی بەشمەینەت، گۆڕان واتە داکۆکیکردن لەمافە ڕەواکانی هاوڵاتیان، بەکورتی کۆکردنەوەی دەنگ بە گەڕانەوەی هیوا دەکرێت، گەڕانەوەی هیواش بە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و دەستەبەرکردنی ماف و سەروەری یاسا دەکرێت نەک بە درۆو چەواشەکاری.

        هێمن شێخانی

باژێڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان

      هەولێری پایتەخت.