ناس کورد-
ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست دەڵێت، گروپە میلیشیا شیعەکانی عێراق گوتاریان لەدژی بزوتنەوەى تاڵیبان هێورکردووەتەوە دوای ئەوەى ئێران دڵنیای کردوونەتەوە کە گفتیان لە تاڵیبان وەرگرتووە لەبارەى شیعەکانی ئەفغانستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە باسی لەوەکردووە کە لە سەرەتای سەرکەوتن و پێشڕەوییەکانی بزوتنەوەى تاڵیبان، گروپە چەکدارییە شیعەکانی عێراق کە سەر بە بەری بەرخۆدانن چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئەگەر و چۆنیەتی هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی شیعەکانی ئەفغانستان و لە میدیاکانیانەوە هێرشیان کردووەتەسەر بزوتنەوەکە.
دەشڵێت، بەڵام ئێران لەڕێگەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسەوە هاتووەتەسەر خەت و ئەو گروپانەی دڵنیا کردووەتەوە کە تاڵیبان گفتیان داوە کە کەمینەی شیعەی هەزارە لە ئەفغانستان پارێزراو بن لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک کە ساڵی 2015 لەنێوان قاسم سولەیمانی و تاڵیباندا واژۆ کراوە.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، پاش ئەو دڵنیاییە، گروپە شیعەکانی عێراق تەرکیزیان خستووەتەسەر دۆڕان و شکستی ئەمریکا و خۆیان لە هێرشکردنەسەر تاڵیبان پاراستووە و وەک پێشوو هێرشی میدیایی ناکەنە سەر تاڵیبان.
جێگەی ئاماژەیە کەمینەی هەزارە لە ئەفغانستان شیعەن و کۆمەڵێکی زۆریان وەک خوێندکار لە نەجەف و قوم دەخوێنن.