گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆسیە شاراوەکانی پشت سەردانەکەی رۆحانی بۆ عێراق

بەرهەم ساڵح: عێراق بەختی هەیە کە دراوسێی تورکیا و ئێرانە

2019.03.11 - 15:03
بەرهەم ساڵح: عێراق بەختی هەیە کە دراوسێی تورکیا و ئێرانە

 

 

 

 

 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

 

سەرۆک کۆماری ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق چەند دۆسیەیەکی گرنگ تاوتوێ دەکات و بە پەرۆشە بۆ بینینی عەلی سیستانی کە بە دەگمەن لەگەڵ سەرۆکی وڵاتاندا کۆدەبێتەوە، سەرۆک کۆماری عێراقیش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەدا ڕایگەیاند: "عێراق بەختی هەیە کە دراوسێی تورکیا و ئێرانە".

ئەمڕۆ حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای کۆبوونەوەکە، بەرهەم ساڵح جەختی کردەوە لە بوونی پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ ئێراندا، هەروەها وتی: "عێراق بەختی هەیە کە دراوسێی تورکیا و ئێرانە."

هاوکات سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەیدا تاوتوێی پرسە ئابوورییەکانیان لە 10 دۆسیەی جیاواز کردووە.

بەدوور لە لێدوانە فەرمییەکان، میدیا عێراقییەکان باس لەوە دەکەن مەبەستی سەرەکی سەردانەکەی رۆحانی چەند دۆسیەیەکە کە دەیەوێت عێراقی دراوسێی یارمەتی بدات.

یەکێک لەو پرسانەی رۆحانی گفتوگۆی لەبارەوە دەکات دانەوەی قەرزە دەرەکییەکانی ئێرانە لەلایەن عێراقەوە، چونکە ئێران ناتوانێت بەشێوەیەکی فەرمی مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بکات بەو پێیەی سەرجەم بانکە فەرمییەکانی سەر بە بەغدا لەژێر چاودێریی واشنتن-دایە.

 

هەروەها دۆسیەی کارەباش پرسێکی دیکەیە کە لە جانتاکەی رۆحانیدایە، ئێرانییەکان دەیانەوێت کۆنترۆڵی سێکتەری کارەبای عێراق بکەن، ئەوەش دوای ئەوە دێت سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە هاوڵاتیانی وڵاتەکەیدا ئەمساڵ هاوینێکی فێنک بەسەرببەن.

 

لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش، رۆحانی دەیەوێت لە ڕێی عێراقەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سعودییە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی پەرەپێبدات.

 

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە رۆحانی زۆر خۆشحاڵە بە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، بەوپێیەی سیستانی زۆر بە دەگمەن لەگەڵ ئەو شاندانەدا کۆدەبێتەوە کە سەردانی عێراق دەکەن.