ناس کورد-
لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا هەر سێ وەزیرى دارایی و پەروەردە و خوێندنى باڵا بانگهێشت بکات بەمەبەستى دۆزینەووەى رێگەچارە بۆ کێشەى مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدولسەلام دۆڵەمەرى سەرۆکى لیژنەکە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، دەرفەتی مانگێک بە ھەرسێ وەزارەتەکە دەدرێت تاوەکو دوایین پلانی خۆیان دیاری بکەن بۆ کۆبونەوەی داھاتوو.
دەقى راگەیەنراوەکە:
بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لەسەر چەند پرسێکی گرنگ،نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٣١/٨/٢٠٢١، لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا .
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر نزیک بوونەوەی کاتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەھەردوو ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵا، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە ڕێکارەکانی خۆپاریزی لەڤایرۆسی کۆڕۆنا جێبەجێ بکرێت بۆ پاراستنی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان .
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە کێشە و گرفتەکانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست و سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان کرا ، بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا بانگھێشتی وەزیری دارایی و وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا بکرێت و چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە ، بۆ ئەم مەبەستەش دەرفەتی مانگێک بە ھەرسێ وەزارەتەکە دەدرێت تاوەکو دوایین پلانی خۆیان دیاری بکەن بۆ کۆبونەوەی داھاتووی ھاوبەشمان .
ھەروەھا گفتوگۆ کرا لەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکان و لیژنەیەکی لاوەکی پێکھێنرا بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ داواو سکاڵای قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی و پۆلە ناکۆتاکان.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە سەرجەم ئەو نوسراو و داواکاریانەی ئاراستەی لیژنە کرابوون خوێندرانەوە، دوای گفتوگۆ کردن لەسەر ناوەرۆکی نوسراوەکان کاری پێویستیان لەسەر کرا و ئەوانەی پێویستیان بەوەڵام دانەوە بوو وەڵامدرانەوە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کران بەمەبەستی چارەسەر کردن و بەدواداچوون .
عبدالسلام دۆلەمەری
سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوە زانستی-پەرلەمانی کوردستان