ناس کورد-
فازڵ میرانى رایگەیاند، مەسعود بارزانى یەکێک بووە لەو سیاسییانەى کە واژۆى لەسەر بەڵگەنامەى "چاکسازیی" کردووە کە پێشکەشى موقتەدا سەدر کراوە بۆ ئەوەى بەشدارى هەڵبژاردنى پێشوەختە بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى ئەمڕۆ دووشەممە لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پەیوەندى نێوان سەرکردە سیاسییەکان بەردەوام بوونى هەبووە، لەئاماژەیەکدا بۆ سەردانەکەى نورى مالیکى بۆ هەولێر و کۆبوونەوەى لەگەڵ مەسعود بارزانى.
لەبارەى گەڕانەوەى موقتەدا سەدر بۆ هەڵبژاردن، میرانى وتى "مەسعود بارزانى واژۆى لەسەر بەڵگەنامەى سەدر کردووە بۆ گرەنتیکردنى گەڕانەوەى بۆ هەڵبژاردن".
جەختیشیکردەوە، سەدر قورسایی سیاسی و کاریگەرى خۆى هەیە، بەلەبەرچاوگرتنى ژمارەى شوێنکەوتوانى سەدر.
میرانى بەپێویستی زانى هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و سەدریش بەشدارى تێدا بکات.
دەشڵێت، نابێت پێشوەختە بڕیار لەسەر هەڵبژاردن بدرێت، گرنگتریش کاریش کۆنترۆڵکردنى قۆناغى داهاتووە.
موقتەدا سەدر رابەرى رەوتى سەدر (٢٧ى ئابى ٢٠٢١) لە بڕیارى بایکۆتکردنى هەڵبژاردن پاشەکشەیکرد و داواى بەشداریی ملیۆنى لە لایەنگرانى کرد.
سەدر لە وتارێکدا وتى "وەرەقەیەکى چاکسازیم لە هێزە سیاسییەکانەوە بەدەستگەیشتووە، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن".
وتیشى "بەشدارى هەڵبژاردن دەکەین بەبەهێزى، سوپاسى مستەفا کازمى دەکەین".
سەدر داواى لەلایەنگرانى کرد بەشدارى ملیۆنى دەنگدان بکەن وەک چۆن لە گۆڕەپانى خۆپیشاندانەکان وەستان.
هەڵبژاردنی پێشوەختە
بڕیارە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 10 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (10) ی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەم هەڵبژاردنە بەگوێرەی یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت كە 18 پارێزگای عێراقی دابەشكردووە بۆ 83 بازنەی هەڵبژاردن كە هاوتای ژمارەی كۆتای ژنانە، مەرجیشە لەهەموو بازنەیەكدا كاندیدێكی ژن سەربكەوێت.
ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە 25 ملیۆن كەسن، كاندیدەكان جگە لە حیزب و هاوپەیمانێتییەكان، ڕێژەیەكی بەرچاویان بەشێوەی سەربەخۆ و لیستی تاك خۆیان پاڵاوتووە، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانیش 329 كورسییە كە 320 یان بۆ كێبەركێیە، 9 كورسیشییان بۆ كۆتای پێكهاتەكانە كە 5 كورسی بۆ مەسیحییەكانە و 1 كورسی بۆ هەریەك لە پێكهاتەكانی شەبەك، سابیئە، ئێزدی و كوردانی فەیلییە لە كوت.
ئاماری لیست و كاندیدەكان
ژمارەی هێزە بەشدارەكان: 44 هاوپەیمانێتی و 267 حیزب
ژمارەی گشتی كاندیدان: 3 هەزار و 523 كەس
سەربەخۆكان 887 كاندید
حیزبەكان 1002
هاوپەیمانێتی: 2560 كاندید
لەڕووی جێندەرییەوە 2 هەزار و 560 كاندید لەڕەگەزی نێرن و 963 یان لەڕەگەزی مێ.
لەپاش پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی، 4 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدراوە كە لەساڵەكانی 2005 و 2010 و 20214 و 2018 بوون، پێشتر سیستمەكانی هەڵبژاردن، "نوێنەرایەتی رێژەیی بوون" بەپێی سیستمی سانت لیگۆی هەمواركراو لە 18 بازنەی عێراق كە هاوتای ژمارەی پارێزگاكان بوون، بەڵام بۆ 2021 بووە بە "زۆرینەی یەك دەنگی نەگوێزراوە" لە 83 بازنەی هەڵبژاردن.