ناس کورد-
دوای زیاتر لە هەشت کاتژمێر لە مانەوەی لە نێو بیرێکدا هاووڵاتییەک لە سنوری گەرمیان هێشتا دەرنەهێنراوە و وتەبێژی بەرگریی شارستانی گەرمیانیش دەڵێت، هاووڵاتییەکە تەنها سەری لەنێو خۆڵدا نییە، بۆیە هێشتا زیندووە و هەوڵدەدەن لە زووترین کاتدا ڕزگاری بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئابی 2021، لە گوندی تازەدێی سنوری ئیدارەی گەرمیان هاووڵاتییەک بەمەبەستی پاککردنەوەی بیری ماڵەکەی خۆی دەچێتە نێو بیرەکەوە، بەڵام بەسەریدا دەڕوخێت و لە بیرەکەدا گیری خواردووە.
وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە "ناس کورد"ی وت، "هاووڵاتییەکە زیندووە، بەڵام تائێستاش کە کاتژمێر نزیکی 10ی شەو دەبێتەوە نەمانتوانیوە هاووڵاتییەکە لە بیرەکە بهێنینە دەرەوە و ڕزگاری بکەین، چونکە دۆخەکەی هەستیارە و پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەین."
وتیشی، "جگە لە سەر و ملی سەرجەم لەشی لە نێو خۆڵ و زیخی بیرەکەدایە و تەنها سەری بەدەرەوەیە، بۆیە سوپاس بۆ خوا هێشتا زیندووە، بەڵام پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکەین تا ڕزگاری بکەین و بیرەکە زیاتر دانەڕووخێت، بۆیە کاتێکی زۆرمان پێچووە."
ڕوونیشیکردەوە، "بە پشتیوانی خوا لە دوو کاتژمێری داهاتوودا هاووڵاتییەکە ڕزگار دەکەین و لە بیرەکە دەریدەهێنین."