گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرکردایەتییەکی یەکێتی لەبارەى ڕێککەوتنی هاوسەرۆکان: ئیمزاکەم دەکشێنمەوە

2021.08.25 - 16:23
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردایەتییەکی یەکێتی لەبارەى ڕێککەوتنی هاوسەرۆکان: ئیمزاکەم دەکشێنمەوە

ناس کورد-

ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە دەباشان "ئیمزام کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەک ڕێککەوتنی نێوان هەڤاڵانی هاوسەرۆک چونکە بۆمان ڕوونبووەتەوە کە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک نەکراوە، بۆیە من ئیمزاکەم دەکشێنمەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چرا عومەر سابیر لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" گەیشتووە دەڵێت، "شەوی ڕابردوو پەیوەندیم پێوەکرا کە ڕۆژی چوارشەممە سەعات 10:30 لە دەباشان ئامادەبین، ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی ئەندامی سەرکردایەتی چووینە دەباشان و لەگەڵ بەڕێز هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی کۆبووینەوە."

 

دەشڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوێک خرایە بەردەممان، دواتر هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی قسەی کرد و وتی؛ دەمانەوێت دۆخەکە ئارام بکەینەوە، داوای لێکردین نووسراوەکە بخوێنینەوە، دوای خوێندنەوەی نووسراوەکە پێنج خاڵ لە ناوەڕۆکەکەیدا هاتبوو کە ئیمزای بڕیاردەری کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لەسەر بوو. لای خۆمەوە ئەو خاڵەم ڕەتکردەوە کە باس لە سەفەرکردنی هەڤاڵ لاهور دەکات بۆ دەرەوەی ووڵات."


چرا عومەر سابیر جەختی دەکاتەوە کە "بۆیە من لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە ئیمزام کردووە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نەک ڕێککەوتنی نێوان هەڤاڵانی هاوسەرۆک چونکە بۆمان ڕوونبووەتەوە کە هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک نەکراوە، بۆیە من ئیمزاکەم دەکشێنمەوە."

 

دووپاتیشی دەکاتەوە کە "هەر ڕێککەوتنێک لە نێوان هەڤاڵانی هاوسەرۆک بکرێت ئامادەم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبەکەمدا دەنگی لەسەر بدەم."

 

ئەوە لەکاتێکدا ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی ئەندامانى سەرکردایەتى یەکێتى ئاگادارکردەوە کە هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە لە نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتیی، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی بچێتە دەرەوەی وڵات.

 

نووسینگەی رۆژنامەوانی هاوسەرۆک لاهور شێخ جەنگی لەرونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لاهور شێخ جەنگی ئاگادارکراوەتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی ئابی 2021، چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بانگهێشتکراون بۆ دەباشان و پێیان ڕاگەیاندوون کە گوایە ڕێککەوتنێک کراوە لە نێوان بەڕێزان هاوسەرۆکانی یەکێتیی، بۆ ئەوەی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بۆ ماوەیەکی کاتی بچێتە دەرەوەی وڵات.

 

جەختیشیکردووەتەوە، لاهور شێخ جەنگی هەموو ئەندامانی سەرکردایەتی بەگشتی، بە تایبەت ئەوانەی بە بیانووی جیاواز بانگکرابوون ئاگادار دەکاتەوە، کە بەڕێزیان دوور و نزیک ئاگاداری سەرلەبەری ئەو خاڵانە نییە کە خراوەتە بەردەمیان و دوورن لە ڕاستییەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێککەوتنی لەم جۆرە نەکراوە و ناشکرێت.