گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’سزاى جێگرەوە بۆ سێدارە و زیندانى’’..دیارترین گۆڕانکارییەکانى یاساى سزادانى عێراقى

2021.08.25 - 08:52
App store icon Play store icon Play store icon
’’سزاى جێگرەوە بۆ سێدارە و زیندانى’’..دیارترین گۆڕانکارییەکانى یاساى سزادانى عێراقى

ناس کورد-

 

پڕۆژەى نوێی یاساى سزادانى عێراقى چەندین گۆڕانکاریی لە سزاکان لە خۆدەگرێت بەتایبەتى سزاى سێدارە و دەستگیرکردن و پێبژاردن، لەجیاتى ئەوانەش سزاى جێگرەوە پێشنیازکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پڕۆژە یاساى نوێی سزادان لە 18ى ئاب 2021 لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمارەوە رادەستى پەرلەمان کرا، کە یەکەم پڕۆژەى لەو شێوەیەیە دواى 50 ساڵ لە دەرکردنى یاساى سزادان.

 

مەنیف شەمەرى راوێژکاری یاسایی سەرۆککۆمار لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە پڕۆژەکەدا زیاتر لە نیوەى یاساکە گۆڕانکاریی تێدا کراوە، بەتایبەتى لەو ماددانەى کە جێبەجێکردنیان قورس بووە.

 

رونیشیکردوە، دیارترین گۆڕانکاریی بریتییە لە سوککردنى زۆربەى سزاکانى سێدارە بۆ زیندانى هەتاهەتایی یان کاتى بەپێی جۆرى تاوانەکە، گۆڕینى بەشێکى تر لە سزاکان بۆ جۆرى دیکە جگە لە گرتن.

 

 شەمەرى باسى لەوەشکرد، هەر لە پڕۆژەکەدا ماددەى نوێ دانراوە بۆ سزادانى ئەو کەسانەى دزە دەکەن بە پرسیارى تاقیکردنەوەکان، لەگەڵ تاوانى هەراسانکردنى ئەلیکترۆنى.

 

پڕۆژە یاسا نوێیەکەى سزادان لە 505 ماددە پێکهاتووە کە لەلایەن سەرۆکایەتى کۆمارەوە پێشکەشى پەرلەمان کراوە بۆ پەسەندکردنى.

 

بەهار مەحمود ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمان بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، لەپڕۆژەکەدا بەشى زۆرى ماددەکانى پەیوەست بە سێدارە هەڵگیراون، بەڵام ماددەى تایبەت بە کوشتن لەژێر پاساوى شەرەف گفتوگۆى زیاترى لەسەر دەکرێت و بۆچوونى جیاواز هەیە لەسەرى. 

 

باسى لەوەشکرد، هەر لە پڕۆژەکەدا سزاى جێگرەوە دانراوە لەجیاتى زیندانى یان پێبژاردن، وەکو کارکردن لە دامەزراوە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ نمونە لە خانەى بەساڵاچووان.

 

بەهار مەحمود جەختیکردەوە کە سزاى توند بۆ تاوانەکانى گەندەڵى دارایی و ئیداریی دانراوە، بەجۆرێک کەمترین سزا پێنج ساڵە و زیندانیش بەردەوام دەبێت تا بڕە پارەکە دەگەڕێنێتەوە.

 

پڕۆژە یاساى نوێی سزادان لە 18ى ئاب 2021 لەكۆبونەوەیەكی فراواندا لەكۆشكی سەلام لەبەغداد خرایەڕوو.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆکایەتى کۆمار کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، سەرۆككۆماری عێراق پرۆژە یاساکەى پێشكەشی پەرلەمان كردووە كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە لەچوارچێوەی هاریكاری هەردوولا لەبواری دەركردنی ئەو یاسایانەی گۆڕانكارییەكانی سەردەم پێویستی پێیەتی.  

    

سەرۆككۆمار  وتى "پرۆژەیاسای نوێی سزادان یەكەم پرۆژەیاسای لەو شێوەیەیە لە ماوەی 50 ساڵە لەدەركردنی یاسای سزادانی عیراق لەساڵی 1969وە ئامادەبكرێت بۆ نوێكردنەوەی سیستمی یاسایی و ڕۆیشتن لەگەڵ پێشهاتەكان و وابكات عیراق بخرێتە لیستی وڵاتانی پابەندبوو بەیاسای نێودەوڵەتی".  

  

پرۆژە یاسا نوێیەكەی سزادان بۆئەوەیە جێی یاسای سزادانی عیراقی بگرێتەوە كەلەساڵی 1969وە هەیە و لەڕووی داڕشتنەوەی ڕەچاوی یاسا كارپێكراوەكان كراوە و دەستوور ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكان لەبەرچاو گیراوە.