گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

بەنزین لە سلێمانى هەرزانکرا

2021.08.24 - 18:12
App store icon Play store icon Play store icon
بەنزین لە سلێمانى هەرزانکرا

ناس کورد-

 

وتەبێژى بەنزینخانەکانى سلێمانى رایگەیاند، دواى گەیشتنى بەنزینى پاڵاوگەى کار نرخى لیترێک بە نزینى نۆرماڵ لە شەش بەنزینخانە بۆ ٧٣٠ دینار دابەزیوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەهمەن محەمەد ئەمڕۆ سێشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، ئەمڕۆ بەنزینى کۆمپانیاى کار گەیەنراوەتە شەش بەنزینخانەى سلێمانى، بەمەبەستى دابەزاندنى نرخەکەى.

 

وتیشى بەنزینەکە لەجۆرى نۆرماڵە و نرخى هەر لیترێکى بە ٧١٠ دینار دەدرێتە بەنزینخانەکان، ئەوانیش بە ٧٣٠ دینار دەیفرۆشنەوە بە هاوڵاتییان.

 

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی پلانێکى سامانە سروشتییەکان بڕیاربوو لە رۆژى ٢٣ى ئابەوە نرخى بەنزین بۆ ٦٥٠ دینار دابەزێنرێت، دواى گەیشتنى یەک ملیۆن لیتر لەبەغداوە، بەڵام هێشتا بۆ ئەو نرخە دانەبەزیوە.

  

کەمال ئەتروشى وەزیرى سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ سێشەممە هۆکارى هەرزان نەبوونى بەنزینى گەڕاندەوە بۆ دواکەوتنى ناردنى بەنزین لەبەغداوە بۆ هەرێم و جەختیکردەوە لەچەند رۆژى کەمى داهاتوودا بەنزینەکە دەگات، ئەوەش بەپێی کەناڵى "رووداو".  

  

وتیشى لەیەک دوو رۆژى داهاتوودا لیژنەى هاوبەش لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستدەکرێت و بەنزینەکە رەوانە دەکرێت.  

  

بەپێی پلانى سامانە سروشتییەکان، بڕیارە رۆژانە یەک ملیۆن لیتر بەنزینى بەغدا بدرێتە هەرێم، ئەوەش بەشێکى لەو بەنزینە دەبێت کە پاڵاوگەى کار بۆ بەغداى بەرهەمدەهێنێت، بەشێکى دیکەشى لەکەرکەوە هەناردە دەکرێت.  

  

ڕێبوار بابكەیی، ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەى راگەیاند، ھۆكاری سەرەكی ئەوەى كە بەڵێنى هەرزان بوونى بەنزین نەبرایە سەر ئەوەیە بەنزین لە دەست كەرتی تایبەتدایە.  

  

وتیشى "هەوڵ هەیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و حكوومەتی ھەرێم بەنزین عەمبار بكەن، بۆ ئەوەی لە حاڵەتێكی وەهادا بەنزینی عەمباركراوی خۆمان بخەینە بازاڕەوە".  

  

بەپێی ئامارەکان، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە کە سەرجەمى ئەو بڕە لەدەرەوە بەتایبەت لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت.     

  

ڕاگەیەنراوێكی فەرمی لە كۆبوونەوەی جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی بریكاری وەزیری سامانە سروشتییەكان (23ی ئابی 2021) هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخ دەگێڕێتەوە بۆ كەمبوونەوەی هاوردە لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن و نیو لیتر هەیە، جگە لەمەش نرخەكەی لەسەر ئاستی جیهان بەرز بووەتەوە.    

  

كۆبوونەوەكە داوای كردووە لە وزارەتی سامانە سروشتییەكان بەرچاوڕوونی زیاتر بداتە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەبێ ئەوەی هیچ لەبارەی نرخەوە بڵێت و وەزیری سامانە سروشتییەكانیش كە مژدەكەی داوە بەشداری كۆبوونەوەكە بكات.