گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر بخوێنەوە

ئەلعەرەب: بارزانی مەترسییەكانی كوردی قووڵتر كردەوە

2021.08.23 - 10:32
App store icon Play store icon Play store icon
ئەلعەرەب: بارزانی مەترسییەكانی كوردی قووڵتر كردەوە

ناس كورد-

ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە كە قسەكانی مەسعود بارزانی لەبارەی كوردستان و ئەفغانستان مەترسییە كوردی و عێراقییەكانی قووڵتر كردەوە لەبارەی چارەنووسی وڵات پاش كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە (23ی ئابی 2021) كە "ناس كورد" خوێندوویەتییەوە باس لەوەش دەكات، ترس هەیە كوردستان و ناوچە سوننەكان ببنە ئامانجی حەشدی شەعبی پاش كشانەوەی ئەمەریكا لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەمەش هاوشێوەی سیناریۆی ئەفغانستانە سەرباری ئەوەی مەسعود بارزانی بەدووری دەزانێت.

 

دەشڵێت، "بەیاننامەكەی بارزانی زیاتر مەترسییەكان لە هەمان چارەنووسی ئەفغانستان دەسەلمێنێت".

 

دوێنێ مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی ئەفغانستان دڵەڕاوکێ و نائومێدی لەناو خەڵکی کوردستان دروستکردووە و هەندێک کار بۆ بەراوردکردنی دەدەن بەڵام "جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا و پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە".

 

 

مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکیدا (22ی ئابی 2021) دەڵێت، "دوای ڕووداوەكانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێكە تەوژمێكی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائومێدی لەناو خەڵكی كوردستاندا كار بۆ بەراوردكردنی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەفغانستان دەكەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك باش بزانن كە هەر میللەتێك ئەگەر پشت بە خۆی و تواناكانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵكیش ئەو كاتە بەهای هەیە و كاریگەر دەبێت كە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت."

 

دەشڵێت، "جیاوازییەكی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و كوردستاندا هەیە. جیاوازیەكی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسكی گەلی كوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی كۆڕێ و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و داستانەكانی پردێ و سحێلان كە نەیارانی كوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی كوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە."

 


"لێرەدا دەمەوێت خەڵكی كوردستان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە دۆخی كوردستان جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەكانی تر. شوكر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێكین خاوەن ئیرادە و قەزییەین. ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵكی كوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر. هەر كەسێكیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەكەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵك بڵاو بكاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەی تێبگات،" مەسعود بارزانی وا دەڵێت.