ناس کورد-
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەتیکردەوە نیازێک هەبێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان و جەخت دەکاتەوە کە چاپکردنی کاغەزی دەنگدان و تۆماری دەنگدەرانیش تەواو بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
داود سەلمان خوزەیر، بەرپرسی ڕێکارەکانی مەشق و ڕاهێنان لە بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی (23ی ئابی 2021) ڕایگەیاند، "ئەنجومەنی کۆمسیاران جەخت دەکاتەوە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و هیچ نیازێکیش نییە بۆ دواخستنی".
وتیشی، "هەموو ڕێکارەکان لە قۆناغی تەواوبووندان بەپێی ئەو خشتەی کە لەلایەن بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆمسیۆنەوە ئامادەکراوە بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا".
خوزەیر وتیشی، "چاپکردنی کاغەزی دەنگدان و تۆماری دەنگدەران تەواو بووە، ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی گشتی و تایبەت و ئاوارەکانیش تەواو بووە، ڕێکاری دەنگدانی گشتی و تایبەتی و بەرنامەی دەنگدان و سکاڵا و تانەدانیش پەسەندکراوە".
بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، حیزبە شیعەكان هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ یەكلاییكردنەوەی مەرجەكانی سەدر و بڕیاردان لە سازكردن یان دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق.
ڕاپۆرتێكی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن كە "ناس كورد" بینیویەتی (21ی ئابی 2021) ئاماژە بەوە دەكات، لە دوا كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكانی شیعە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنیش بۆ بەهاری 2022 زیادكراوە بۆ بژاردە بەردەستەكان.
زانیاری و دزەپێكردنە سیاسییەكانی بەغدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە باس لەوە دەكەن، سەدر ترسی ئەوەی هەیە لە سایەی بایكۆتی خۆپیشاندەران و هێزەكانی تشرین، گروپە شیعە چەكدار و توندڕەوەكان زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانی داهاتوو كۆنترۆڵ بكەن لەبەر ئەوە پێداگرە لەسەر دواخستن و بایكۆت تا دۆزینەوەی چارەسەر.
هەر بەگوێرەی ئەو زانیارییانە ئەو لایەنانەی پێداگرن لەسەر هەڵبژاردن زیاتر نوری مالیكی و بزوتنەوەی عەسایب و هێزە ئێرانییەكانن، چونكە پێیانوایە دۆخیان باش دەبێت بەتایبەت لەسایەی ڕاڕایی سەدر.
راپۆرتەكەی شەرقولئەوسەت باس لەوەش دەكات لایەنە سیاسییە شیعەكان لەچەند ڕۆژی داهاتوودا وادەی هەڵبژاردن یەكلایی دەكەنەوە و بەمەرجیان گرتووە ئەگەر بڕیاری دواخستن درا كۆدەنگی شیعی لەسەر بێت.