ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دوو کۆمپانیا لە دەروازە سنورییە گومرگییەکان بڕێک پارە لە شۆفێران وەردەگرن بە مەبەستی دڵنیایی و دەڵێت، "کارەکانیان نایاساییە و دژی بەرژەوەندی گشتییە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عومەر گوڵپی لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ "ناس کورد" نێردراوە (22ی ئابی 2021) دەڵێت، تا ئێستا لە کوردستان هیچ یاسایەک نییە، کەسانی خاوەن کارو پیشە، یان بازرگانان، یان هاوڵاتی ئاسایی ناچار بکات دڵنیایی خۆی، یان ئۆتۆمبیلەکەی، یان ماڵ و موڵکەکەی بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە، حکومەتی هەرێم لە خاڵە سنورییە گومرگییەکان، گرێبەستیان بۆ دوو کۆمپانیا کردووە بۆ وەرگرتنی بڕێک پارە لە شۆفێران بەمەبەستی دڵنیایی کە ئەوانیش بریتین لە کۆمپانیاکانی (دڵنیا) و (ستار کار).
عومەر گوڵپی لەبارەی کاری ئەو دوو کۆمپانیایە چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو:
یەکەم/ نایاساییبوونی کاری ئەم دوو کۆمپانیایە:
1- هیچ یاسایەک نییە لە کوردستان بەرکاربێت و کاری کۆمپانیاکانی دڵنیایی بە شێوەی پابەندی و ناچاریی(الزامی) ڕێک بخات و هاووڵاتی و بازرگان ناچار بکات بە دڵنیاییکردنی خۆی یان ئۆتۆمبیل و موڵکەکەی.
2- گرێبەستی ئەم دوو کۆمپانیایە بە رێڕەوی گرێبەستی یاسایی حکومیدا تێنەپەڕیون و بە کێبرکێ نەدراون بەم دوو کۆمپانیایە و بڕگەکانی ڕێنمایی گرێبەستە گشتیەکانی دەرچوو لە وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی (٢٠١٦)یان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە، یەکێک لەو کۆمپانیایانە زیاتر لە (١٣) ساڵە بەردەوام گریبەستی بۆ درێژ دەکرێتەوە.
دووەم/ خراپی گرێبەستەکان و زیانیان بۆ بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتی:
1- گرێبەستەکان بە کێبرکێی ئاشکرا نەکراون و بەشێوەی قۆرخکاریی هەموو خاڵە سنورییەکان دراون بەم دوو کۆمپانیایە.
2- ڕێژەی (٩٠%)ی داهاتی ئەم دوو کۆمپانیایە بۆ خۆیانەو تەنها لە (١٠%)ی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی، ئەمەش رێژەیەکی زۆر زۆرە بۆ کۆمپانیا، چونکە لە بنەمادا ئەو کارەی ئەوان دەیکەن شایستەی ئەو بڕە زۆرە پشکە نییە.
3- شۆفێران گلەیی و گازندەی زۆر لە کاری ئەم دوو کۆمپانیایە دەکەن و پێیان وایە لەکاتی ڕووداوو زیانی ئۆتۆمبیلەکانیاندا، کۆمپانیا وەک پێویست پابەندی گەڕاندنەوەی خەرجی و زیانەکانیان نییە، بێجگە لە ڕۆتینێکی زۆر.
4- نەریتی کۆمپانیاکانی دڵنیایی بەو جۆرەیە کە مانگانە یان ساڵانە بڕە پارە لەو کەسە وەردەگرن کە بەشدارە، بەڵام ئەم دوو کۆمپانیایە، لەگەڵ هەموو هاتن و چوونێکی بارهەڵگرەکاندا پارەی خۆیان وەردەگرن!
لە کۆتاییدا باسی لەوەکردووە کە "پاش دڵنیابوونەوە لەنایاساییبوونی کاری ئەم دوو کۆمپانیایە، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کارەکانیان بووەتە هۆی زیادکردنی خەرجی بازرگانی و بەرزبوونەوەی خەرجی هێنانی شمەک، کە بە زیان لەسەر هاووڵاتیان و بەکاربەران دەشکێتەوەو دەبێتە هۆی گرانی زیاتری بازاڕ، بە نووسراوی ژمارە (88) لە 22ی ئابی 2021، داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە، داوا لە (سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران) بکەن بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو دوو کۆمپانیایەو کۆتایهێنان بە کارەکانیان، ئەمەش جێبەجێکردنی یاساو بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتییە."