ناس کورد-
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، هیوادارن سەرەتای هەفتە بەغدا 200 ملیارەکە بنێرێت تا بتوانن بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکەن، دەشڵێت، ئەگەر بەغداش پارەکە نەنێرێت، مووچە دواناکەوێت و 25ی بە لێبڕینەوە یاخود بەتەواوی دەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان (هەینی 20ی ئابی 2021) لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند، "هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە 25ی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت."
وتیشی، "مانگی ڕابردوو دوای ئەوەی بەغدا 200 ملیار دیناری نارد، توانیمان بە تەواوی مووچە دابەش بکەین، هیوادارین هەفتەی داهاتوو 200 ملیاری ئەم مانگەش بنێرن بۆ ئەوەی بتوانین بە تەواوی مووچە دابەش بکەین."
جوتیار عادل ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە درێغیمان نەکردووە و ئەوەی لە تواناماندا بووە کردوومانە بۆ دابینکردنی مووچە، چ لەڕێگەی باشکردن و کۆکردنەوەی داهاتەکان، چ لە چاکسازییکردن."
لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەغدا پارەکە نەنێرێت دەتوانرێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بکرێت، وتەبێژی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، "هێشتا ئەوە دیارنییە، وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکان و داهاتی حکومەتیش زیادی کردووە."
جوتیار عادل جەختیکردەوە، "چ بە خۆگونجاندن بێت یاخود بە تەواوی بێت ئەوا 25ی مانگ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و پابەندین بەوە."