ناس کورد-
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، تورکیا شوێنی کۆبوونەوەیەکی فەرماندە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا نۆ ئەندامی ئەو هێزە کوردییە کوژراون کە لەنێویاندا فەرماندەیەک هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕوانگەکە (هەینی 20ی ئابی 2021) بڵاویکردووەتەوە، "ئەمڕۆ هەینی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە نوسینگەی پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەنجومەنی سەربازیی شاری تەل تەمەری لە پارێزگای حەسەکە کردە ئامانج و بۆردومانی کرد."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "فڕۆکەکە کۆبوونەوەیەکی سەرکردە سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج و لەکاتی کۆبوونەوەکەدا نوسینگەکەی بۆردمان کردووە، لە ئەنجامدا نۆ ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژراون و 10 کەسی دیکەش برینداربوون."
بەگوێرەی ڕوانگەکە، "لەنێو کوژراوەکاندا فەرماندەیەکی ژنی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەیە."
جگە لەو نوسینگە سەربازییە، تورکیا بۆردومانی چەند ناوچەیەکی مەدەنیشی کردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە 20 کەس برینداربوون کە ژن و منداڵیشیان تێدایە و برینی بەشێکیان سەختە.