ناس کورد-
گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەیەکە غالب محەمەد بێ بەڵگە و بێ پاساو تۆمەت دەخاتە پاڵیان و چەند شتێک باس دەکات کەهیچ بنەمایەکی نییە، بۆیە پێویستە لە دادگا وەڵام بداتەوە و ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
(و إذا حكمتم بين الناس أن تحكموا بالعدل)
ڕونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
ماوەیەکە بەڕێز (غالب محەمەد) ، لەچەند نوسین و لێدوانێکدا بێ بەڵگە و بێ پاساو تۆمەت دەخاتە پاڵ گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان و چەند شتێک باس دەکات کەهیچ بنەمایەکی نییە ودور و نزیک پەیوەندی بەئێمەوە نییە.
لەڕابردودا و لەسۆنگەی ڕێزگرتن لەکاری پەرلەمانی و لەوباوەڕەوە کە گەر ناوبراو بەڵگەیەکی هەیە ئەوا دەتوانێ بەڕێکاری پەرلەمانی و یاسایی کاری لەسەر بکات، ئەوەش ڕێگا دروستەکەیە، بۆیە هیچ رونکردنەوە و وەڵامێکمان نەبوە. بەڵام دەرکەوت ئەوەی نەکردووەو لەڕێی سوشیال میدیاوە بەردەوامە لە ناوبردنی کۆمپانیاکەمان لەچەند بابەتێک بەبێ بەڵگە، کە وەک وتمان هیچ پەیوەندیان بەئێمەوە نییە. گروپی کۆمپانیاکانی قهیوان ناچاره ڕێگای دادگا و یاسا لەبەرامبەر ئەو ناوزڕاندنەی بەڕێزیان بگرێتهبهر. داواکارین لەبەڕێزیان له دادگا بەڵگەکانی خۆی بخاتە ڕوو و ئێمەش لەوێدا بەرگری لەو ناوزڕاندنەی خۆمان دەکەین و لهڕێی یاساوه راستیەکان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان و سلێمانی بەتایبەتی روون دهبنهوه. لێرەشەوە داواکارین لەگەڵ نزیک بونەوەی هەڵبژاردن و هەڵکشانی ململانێ سیاسیەکاندا، ئێمە نەخرێینە ناو ئەم ناکۆکیانەوە، خزمەتەکانی قەیوان لە ئاوەدانیی و بوژاندنەوەی ئابوری و ژێرخانی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی کەدیار و بەرچاون کاری ئێمەیە، نەک هیچ کارێکی تر.
بەشی ڕاگەیاندنی گروپی کۆمپانیاکانی قەیوان.
٢٠ / ٨ / ٢٠٢١