گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەزگای لوتکە: 70%ی ئەو عێراقیانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن کوردن

2021.08.20 - 11:54
App store icon Play store icon Play store icon
دەزگای لوتکە: 70%ی ئەو عێراقیانەی داوای مافی پەنابەری دەکەن کوردن

ناس کورد- 

سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، لەمساڵدا 35 هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە کە لەو ڕێژەیە زیاتر لە %70ی خەڵكی هەرێمی كوردستانن، دەشڵێت، هەندێک لە قوربانییەکان پاش ماوەیەك تەرمەكانیان لە گۆڕستانەكانی ئەو وڵاتانە دەۆزینەوە كە لەوێ نێژراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران (هەینی 20ی ئابی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕایگەیاند، " ڕێژەیەكی زۆری كۆچبەری عێراقی کە بەشێکی زۆریان کوردن لە وڵاتانی توركیا و یۆنان و لیتوانیا لە دۆخێكی خراپی گوزەرانن بەشێكیش لەناو زیندانەكانن یا بێ سەروشوێنن." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەكی بەرچاوتری كۆچبەران لەماوەیەكی كاتی زۆر كەمدا لە كەناراوەكانی توركیاوە خۆیان گەیاندووە بە كەناراوەكانی ئیتاڵیا، زیاتر 70%ی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی كە لە وڵاتانی ئەوروپا داوانامەی مافی پەنابەرییان پێشكەش كردووە هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بوون."

 

باسی لەوەشکردووە، "بەهۆی ناجێگیری بارودۆخی سیاسی و بەتایبەتی ئابوری لەناوچەكە و لە عێراق بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان جارێكی تر هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو كۆچكردنی سەرجەم چین و توێژەكان بەتایبەتی گەنجان لە عێراقەوە دەستی پێكردووەتەوە." 

 

لەبارەی ئاماری قوربانییانەوە، ئاری جەلال ڕایگەیاندووە، "به‌داخه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌ نه‌خوازراوه‌کانیشدا له‌کۆتایی 2015 وه‌ هه‌تا ئێستا به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی لای ئێمه‌ تۆمارکراوه‌ زیاتر لە 430 قوربانیمان هەیە، ئه‌مانه‌ ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاویان ته‌رمه‌کانیان بوونی هه‌بووه‌ و نه‌گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان ڕاده‌ستی که‌سوکاریان نه‌کراوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێکشیان هه‌یه‌ بێسه‌روشوێنه‌ هه‌تا ئێستا فایله‌کانیان به‌کراوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانین چاره‌نوسیان بۆ که‌سوکاره‌کانیان دیاری بکه‌ین." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لە كوردستان نمونەی DNA مان لە كەسوكارییان وەرگرتووە تا بیاندۆزینەوە، كە هەندێك لەوانە پاش ماوەیەك تەرمەكانیان لە گۆڕستانەكانی ئەو وڵاتانە دەۆزینەوە كە لەوێ نێژراون”.