ناس کورد-
بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق پرۆژە یاسایەكی نوێی سزادانی پێشكەشی پەرلەمان کرد تا شوێنى یاسای سزادان بگرێتەوە کە 50 ساڵە کارى پێدەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆکایەتى کۆمار کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەكۆبونەوەیەكی فراواندا لەكۆشكی سەلام لەبەغداد سەرۆككۆماری عێراق پرۆژە یاسایەكی نوێی سزادانی پێشكەشی پەرلەمان كرد كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی كۆمار كراوە لەچوارچێوەی هاریكاری هەردوولا لەبواری دەركردنی ئەو یاسایانەی گۆڕانكارییەكانی سەردەم پێویستی پێیەتی.
لەكۆبونەوەكەدا حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆك كۆمار و ئەندامانی لیژنەی یاسایی و نەقیبی سەندیكای پارێزەران و سەرۆكی یەكێتیی مافپەروەران و ژمارەیەك پسپۆڕ و شارەزای یاسایی و ئەكادیمی ئامادەی بوون.
سەرۆككۆمار وتى "پرۆژەیاسای نوێی سزادان یەكەم پرۆژەیاسای لەو شێوەیەیە لە ماوەی 50 ساڵە لەدەركردنی یاسای سزادانی عیراق لەساڵی 1969وە ئامادەبكرێت بۆ نوێكردنەوەی سیستمی یاسایی و ڕۆیشتن لەگەڵ پێشهاتەكان و وابكات عیراق بخرێتە لیستی وڵاتانی پابەندبوو بەیاسای نێودەوڵەتی".
پرۆژە یاسا نوێیەكەی سزادان بۆئەوەیە جێی یاسای سزادانی عیراقی بگرێتەوە كەلەساڵی 1969وە هەیە و لەڕووی داڕشتنەوەی ڕەچاوی یاسا كارپێكراوەكان كراوە و دەستوور پێشێل ناكات و پێچەوانەی ڕێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكان نییە.