ناس کورد-
بزووتنەوەی تاڵیبان لێبوردنی گشتی دەرکرد و داوا لە فەرمانبەران بەرپرسانی حکومەت دەکات بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تاڵیبان لە ڕاگەیەنراوێکدا (سێشەممە 17ی ئابی 2021) لێبوردنی گشتیی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت ڕاگەیاند و دەڵێت، "لە هەمووان خۆشبووین، کەواتە بە متمانەوە بگەڕێنەوە سەر کارەکانتان."
لەوبارەیەوە ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لێدوانی فەرمانبەرێکی ئەفغانی گواستووەتەوە کە خۆی شاردووەتەوە و دەڵێت، " هەمووان نیگەرانن، ڕاستە تائێستا کەسیان نەکردووەتە ئامانج، بەڵام لە هەفتەکانی داهاتوودا دەیکەن، خەڵک باش ئەوە دەزانن بۆیە تائێستا هەوڵی دەرباز بوون دەدەن."
لەلای خۆشییەوە وتەبێژی تالیبان سوهەیل شاهین لە میانەی دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا لە ئەفغانستان دەڵێت، "سەروماڵی خەڵكی ئەفغانستان دەپارێزین و ئێمە چاوەڕوانی گواستنەوەی دەسەڵاتین بە ئاشتی".
شاهین جەختی لەوەش كردەوە پابەندن بە هێرشنەكردن بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا و بیانییەكان و هاوكارەكانیان بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوانیان و لەپاش ئەو لێكگەیشتنەشەوە هیچ كوشتن و هێرشێك ڕووینەداوە.
بەهۆی كشانەوەی سوپای ئەمەریكاوە بەشی زۆری ویلایەتەكانی ئەفغانستان لەم هەفتەیەدا كەوتنە دەستی تالیبان و بەهەزاران ئەفغانی و بیانی لە رێگەی فڕۆكاخەی كابولەوە هەوڵی دەربازبوون دەدەن لە ئەگەری تۆڵەكردنەوە یان بەئامانجكردنیان لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی پێشووتری تالیبان، بەم هۆیەشەوە بشێوی و مردن و قەرەباڵغی لە فڕۆكەخانە دروست بووە.