گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هێزە تایبەتەکانى بەرپرسان’’

سەرکردەیەکى یەکێتى: هەلومەرجە ناوخۆییەکانی هەرێم و ئەفغانستان زۆر لەیەک دەچن 

2021.08.15 - 23:16
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردەیەکى یەکێتى: هەلومەرجە ناوخۆییەکانی هەرێم و ئەفغانستان زۆر لەیەک دەچن 

ناس کورد-

 

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى رایگەیاند، هەلومەرجە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان زۆر لەیەک دەچن و جیاوازيیەکە هێندە گەورە نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئارێز عەبدوڵا لە وتارێکدا لەبارەى رووداوەکانى ئەفغانستان نوسیویەتى "بەداخەوە هەلومەرجە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان زۆر لەیەک دەچن و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چەندین ساڵە بە چەک و تەقەمەنی، پارە و مەشق هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام ئەنجام ئێمە نەک هەر یەک هێزی پێشمەرگەمان نییە، بەڵکو هێزە تایبەتەکانی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس زۆر لە لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە پۆشتە و پەرداخ ترن!".

 

دشڵێت "بەو توانا و بارودۆخەی ئێستامان بەداخەوە بەرگەی رەشەبایەک ناگرین".

 

دەقى وتارەکە:

 

ئەدی دوای ئەفغانستان؟

ئارێز عه‌بدوڵڵا‌

کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان گۆڕانکاری دراماتیکی بەدوادا هات و لە ماوەیەکی زۆر کورت ئەو تالیبانەی تەنیا لە تونێل و ئەشکەوتان نەبوایە جێگایان نە دەبووەوە، ئەمڕۆ لە بەرچاوی سەرۆک بایدن و هەموو جیهان تەقەیان لە دەرگای کابولەوە هێنا.

 

سەیرکردنی ئەو گۆڕانکاریانە لە دوو رەهەندەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگن:

یەکەم: ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق و هەرێمی کوردستان.

دووەم: ئەو سوپا ئەفغانیەی کە چەندین ساڵە هاوشێوەی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە پشتیوانی پشتگیری دەکرێ چی بەسەرهات؟

ئەگەر هەلومەرجە سیاسیەکانی عیراق و ئەفغانستان جیاوازیش بن، بەڵام جیاوازیەکە هەندە گەورەنین تا ئێمە پێمان وابێ بەربەستی بەردەم بڕیارێکی تری لەم شێوەیەی ئەمریکابن.

 

ئێمەی کورد دوو تاقیکردنەوەی زۆر تاڵمان لەگەڵ ئەمریکا هەن، یەکەمیان هەڵوێستی ئەمریکا لە شۆڕشی ئەیلول (ساڵی ١٩٧٥) و دووەمیشیان هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر بەداگیرکردنی چەندین شاری رۆژئاوا لەلایەن سوپای تورکیاوە. کەواتە ئەگەر لە روانگەی ئەزموونیشەوە سەیری رووداوەکان بکەین بەدوور نازانرێ جارێکی تریش گەلی کوردستان گورگان خوارد بکرێ. ئەوە لە کاتێکدا ئێمە نیگەرانی پێشهاتێکی لەو جۆرە دەردەبڕین، لەهەمان کاتیشدا لەبیری ناکەین کە لە ساڵی ١٩٩١وە تا ئەمڕۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان چەند هاوکار و پشتیوانمان بوونە.

 

بەداخەوە هەلومەرجە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان زۆر لەیەک دەچن و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چەندین ساڵە بە چەک و تەقەمەنی، پارە و مەشق هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەن، بەڵام ئەنجام ئێمە نەک هەر یەک هێزی پێشمەرگەمان نییە، بەڵکو هێزە تایبەتەکانی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس زۆر لە لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە پۆشتە و پەرداخ ترن!

ئێستا پرسیارێک لە مێشکی هەموماندایە ئایا ئەگەر ئەمریکا بەهەمان شێوەی ئەفغانستان لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش بکشێتەوە ئێمە چارەنووسمان چی دەبێ؟

 

ئەو پرسیارە بۆ هاووڵاتیەکی ئاسایی بیرکردنەوەیە لە مەترسیەکی چاوەڕوانکراو، بەڵام ئایا بۆ دەسەڵاتداران چی دەگەیەنێ؟ پێم وایە لە بەرچاوگرتنی ئەزموونی ئەفغانستان زۆر گرنگە و دەبێ دەسەڵات و دەسەڵاتداران لەم رۆوە شەو و رۆژ بکەنە یەک و بە پلان وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەنەوە:

– ئایا پێوستە پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا چۆن رێکبخرێنەوە؟

– ئایا پەیوەندی هەرێمی وڵاتانی دراوسێ چۆن رێکبخرێنەوە؟

– ئایا چۆن بەرگەی قەیرانێکی گەورەی ئابووری و دارایی دەگرین؟

– ئایا هێزە چەکدارەکانمان چەند و چۆن دەتوانن بەرگری لە نیشتمان بکەن؟

– ئایا یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی نیشتمانی چۆن دروست دەکرێ و چۆن دەبێ؟

 

ئەگەر پلانی ستراتیژی وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر بێ و خۆمان بۆ پێشهاتی هەرە خراپ ئامادە بکەین، ئەوا بێگومان دەتوانین گەل و وڵاتەکەمان بە باشی بپارێزین، بەڵام بەو توانا و بارودۆخەی ئێستامان بەداخەوە بەرگەی رەشەبایەک ناگرین.

 

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنەوە، ئەنجام سیستمی حوکمڕانی ئەو وڵاتە دەگۆڕێ، بەڵام قەوارە و ئاڵای ئەفغانستان ناگۆڕێن. کەچی، ئەگەر گۆڕانکاریەکی لەم شێوەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان رووبدا، ئەوا ئێمە قەوارە و ئاڵا نیمچە سەربەخۆکەمان لە دەست دەچن و بە ئاسانیش دەستەبەر ناکرێنەوە.

 

ئەزموونی ئەفغانستان دەرسێکی گەورەیە، ئەگەر ئێمەی کورد کەلکی لێ وەربگرین.