ناس کورد-
بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی جەخت لەبەردەوامى هەنگاوەکانى ئێستاى دەکاتەوە بۆ "راستکردنەوەى رێڕەوى حزبى" و دەشڵێت لەمەودوا درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەن کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو وتانەى بافڵ تاڵەبانى ئەمرۆ یەکشەممە لەمیانەى پێشوازیکردنیدا هات لە عادل عەبدولمەھدی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە دەباشان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
سەبارەت بە چاکسازی و گۆڕانکارییەکانی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی وتى "یەکێتی بەئاڕاستەی راستکردنەوەی رێڕەوی حیزبی و پاراستنی یەکێتییەکەی مام چەند ھەنگاوێکی ناوە".
وتیشى "بۆ لەمەودوا درێژە بەو سیاسەتە نیشتمانییە دەدەین کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەوەک مەرام و ئامانجێکی دیاریکراو".
بافڵ تاڵەبانى دڵنیایشیدا یەکێتی لە ئاست بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان دەبێت و دەیانەوێت لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنەکان هاوکار و پشتیوان بن بۆ "بونیادنانی وڵاتێکی ئارامتر و خۆشگوزەرانتر بۆ هاوڵاتییانمان".
بەپێی راگەیەنراوەکە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی ھەمەلایەنە دەربارەی پرس و پێشھاتە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێم و ھەڵبژاردنەکان کرا. جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە و دەستوور بکرێتە پێوەری چارەسەرکردنی کێشەکان و هەموولایەک لەپێناو ئارامی و سەقامگیری هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ.
لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کە رەنگدانەوەی خواستی ھەموولایەنەکان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی.