ناس کورد-
بزوتنەوەى تاڵیبان دەستى بەسەر کۆشکى سەرۆکایەتى ئەفغانستاندا گرت و بەرپرسێکى بزوتنەوەکە دەڵێت "ئیمارەتى ئیسلامى" رادەگەیەنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى ئەسۆشیەتید پڕێس لەزارى بەرپرسێکى تاڵیبانەوە گواستییەوە، بزوتنەوەکەیان "ئیمارەتى ئیسلامى" لە کۆشکى سەرۆکایەتى رادەگەیەنێت.
بەرپرسانى بزوتنەوەکە پێشتر جەختیانکردەوە دەیانەوێت بەشێوەى ئاشتیانە دەسەڵاتیان رادەستبکرێت، دواى ئەوەى هێزەکانیان چونە ناو کابوڵى پایتەختەوە.
قسەکانى بەرپرسەکەى تاڵیبان دواى ئەوەهات کە ئەشرەف غەنى سەرۆکى ئەفغانستان وڵاتەکەى بەرەو تاجیکستان بەجێهێشت.
بەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی بزوتنەوەى تاڵیبان چواردەوری کابوڵی پایتەختیان دا و چوونە ناو چەند گەڕەکێکەوە، بەڵام فەرمانیان بە هێزەکانی کردووە نەچنە ناوەندی شارەکە.
بزوتنەوەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆ و دانوستانەکان لەگەڵی لایەنی بەرامبەر بۆ ڕادەستکردنی پایتەخت بەبێ شەڕ و گواستنەوەى دەسەڵات بە ئاشتیانە.
دەشڵێت "کابوڵ شارێکی گەورەیە و پڕە لە دانیشتوان، بۆیە چەکدارەکانمان نایانەوێت بە هێزەوە بچنە ناوەوە."
تاڵیبان باسی لەوەشکردووە کە "فەرمانمان داوە بە هەموو هێزەکان لە دەروازەی شارەکە جێگیربن و دەچنە ناوەوە بە هێز."
ئاشکراشیکردووە کە هێزەکانیان زیندانی فڕۆکەخانەی باگرامیان کۆنتڕۆڵکردووە و تەواوی زیندانییەکانیان ئازاد کردووە.
هاوکات میدیاکانی ئەفغانستان ئاشکرایان کرد، لەئێستادا شاندێکی تاڵیبان لە کۆشکی سەرۆکایەتین لە کابوڵ و هەر ئەمرۆش دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە ڕادەست دەکرێت.