ناس کورد-
ئەندامێکى مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەى ئیسلامى رایگەیاند، پەیوەندى بە سەرکردەیەکى دیارى تاڵیبانەوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردوون بەبۆنەى کۆنترۆڵکردنى ئەفغانستان و "رزگارکردنى موسڵمانانەوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیحسان عەلى عەبدولعەزیز لە پۆستێکدا لەسەر لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئێوارە بەرواری 15 / 8 / 2021 لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا قسەم کرد لەگەڵ ذبیح الله مجاهد سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبان و پیرۆزبای سەرکەوتن و ڕزگارکردنی ئەفغانستانمان لێکردن و دڵخۆشی و پەرۆشی برایان و خوشکان و سەرکردایەتی بزوتنەوەکەمان پێگەیاند دوعا و نزای خێرمان بۆکردن".
دەشڵێت "ذبیح الله مجاهد زۆر سوپاسی ئەم پەیوەندیە و پەرۆشیەی لێکردین و دوعا و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆکردین و لە پەیوەندیەکەدا فەرمووی چەند سەرکردەیەک لەتەنیشتمەوەن ڕێز و خۆشەویستی زۆریان بۆ مسوڵمانانی کوردستان و تەواوی سەرکردە و ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامی هەیە".
دواى کەمێک لە دانانى ئەو راگەیەنراوە لە پەڕەى فەرمى خۆى، ئیحسان عەبدولعەزیز پۆستەکەى سڕییەوە.