ناس کورد-
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پۆستێکی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و چەند پرسێکی جیاواز بڵاوکردەوە و ڕەتیدەکاتەوە، قۆرخکاری لەلایەن هیچ کەسێکەوە کرابێت، یاخود باج خرابێتەسەر پەینی کیمیایی و دەڵێت، نرخی پەینی کیمیایی بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلارەوە گران بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم (شەممە 14ی ئابی 2021) ڕایگەیاند، "پەرلەمانتار و وەزیری پێشوو، بەڕێز عەبدولستار مەجید، لەرێکەوتی 2021/8/12 لە ئەکاونتی فەرمی خۆیدا پۆستێکی کردووە و کۆمەڵێ پرسیاری ورژاندووە کە دڵنیاین جەنابیان باش ئاگاداری هەموو بارو دۆخێکی سێکتەری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و ئاودێریە و ماوەیەکیش وەزیر بووە و لە ئێستاشدا سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێریە لە پەرلەمانی کوردستان."
وەزارەتەکە لەم خاڵەنەدا وەڵامی ناوبراوی داوەتەوە:
یەکەم /سەبارەت بە گرانبوونی نرخی پەینی کیمیاوی بەداخەوە کاک عبدالستار رونکردنەوەی پێویستی نەداوە لەسەر چۆنیەتی گرانبوون و بەرزبونەوەی نرخی پەینی کیمیایی، چونکە پەینی کیمیایی لە ئاستی جیهاندا وەکو هەر بەرهەمێکی تری هاوردەکراو گۆڕانی بەسەرداهاتووە و گرانبووە، بە بەراورد بەساڵانی پێشوو، کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ گۆڕانکاریەکان و کێشەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا گەورەکانی بواری بەرهەمهێنانی پەین و بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار و بەربڵاوبونی پەتایی کۆرۆنا و بەرزبونەوەی بۆرسەی پەین، کە بەڕێژەی ( %30 ) کاریگەری راستەوخۆی خستۆتە سەر گرانبوونی تێچوونی نرخی بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی پەین بۆ هەرێمی کوردستان لە بازاڕەکانی دەرەوەدا.
دووەم/ دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار هۆکارێکی تری ناوخۆییە کە کاریگەری خستۆتە سەر گرانبوونی نرخی پەین .
سێیەم/سەبارەت بە دەنگۆی دانانی باجێکی زۆر لەسەر پەینی کیمیایی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هیچ جۆرە باجێک لەسەر هاوردەکردنی پەین وەرناگیرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەنگاوی زۆر گرنگ و جدی نراوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندی دارەکان و داواکراوە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ مەبەستی لێخۆشبوونی گومرگی و ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی پەین لەدەرەوە.
چوارەم / سەبارەت بە قۆرخکاری بۆ چەند کۆمپانیایەک بۆ هاوردەکردنی پەین بەهیچ جۆرێک لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو قۆرخکاری بۆ هیچ کۆمپانیایەک نەکراوە، بەڵکو لەم کابینەی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕیاردراوە بەشێوازێکی ئازادانە کۆمپانیاکان دەتوانن مۆڵەتی فەرمی وەربگرن و پەین هاوردە بکەن ،چونکە وەزارەتمان دژی هەموو جۆرە قۆرخکاریەکە و ڕێگەی بەم دیاردەیە نەداوە ، بۆ دڵنیایی زیاتری جوتیاران ، نوسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی کە بەهیچ شێوەیەک باج نەخرێتە سەر بەرهەمی هاوردەی پەینی کیمیایی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و بەردەوام ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان کراوە لەڕووی کارگێری و رۆتینەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری هاوردەکردنی پەین بدرێ بەمەبەستی دروستکردنی کێبڕکێ و دابینکردنی پەین و دابەزینی نرخی پەین لە پێناو کەمکردنەوەی فشار و خزمەتی زیاتری جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەمەرجێک کۆمپانیاکە نوسراوی ب.گ.کشتوکاڵی پارێزگاکان و رەزمەندی ئاسایشی هەبێت و پەینەکە رێگەپێدراو بێت .
پێنجەم/ لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی قەیرانی داریی و نەبوونی بودجەی پاڵپشتی کراوی (اعاناتی زراعی) و بەردەوام نەبوونی قەرزی کشتوکاڵی لە بانقەکان نەتوانراوە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بڕێک لەو هاوکاریانە وەکو دابینکردنی پەینی کیمیاوی بۆ جوتیاران دابین و دابەش بکات لەڕێگەی فەرمانگەکانی وەزارەتمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان .
وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، " لە ئێستادا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کار لەسەر بەرنامەیەکی هەماهەنگی پەرەپێدان و پاڵپشتی جوتیاران دەکات لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بەشداری پێکردنی کەرتی تایبەت ،وە بەردەوامە بۆ کارئاسانی و رووبەروبونەوەی ئەم قەیران و فشارانەی دەکەوێتە سەر جوتیارانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان ."