گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەمان کێشەکانی پێشمەرگە؟

بۆچی شارەکانی ئەفغانستان وەک پولی دۆمینە یەک لەدوای یەک دەکەون؟!

2021.08.13 - 10:37
App store icon Play store icon Play store icon
بۆچی شارەکانی ئەفغانستان وەک پولی دۆمینە یەک لەدوای یەک دەکەون؟!

ناس کورد-

بەدڵنیاییەوە خێرایی پێشڕەوییەکانی بزوتنەوەى تاڵیبان لە ئەفغانستان زۆر کەسی توشی سەرسوڕمان کردووە، بە تایبەت وا خەریکە پایتەختی ویلایەتەکان وەک پولی دۆمینە یەک لەدوای یەک دەکەون، دواترینیان دوێنێ بوو کە قەندەهاری دووەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتە کەوتە دەستی تاڵیبان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەوە ڕوونە کە شەپۆلەکە چەکدارانی تاڵیبانن، بەڵام حکومەتی ئەفغانستانیش تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی لەدەست نەدات، ئەوەش لەدوای کشانەوەى هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە.

 

ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا کە لەم هەفتەیەدا دزەی کرد پێشبینی دەکات لە چەند هەفتەی داهاتوودا کابوڵی پایتەخت بکەوێتەبەر هێرش و حکومەتیش لە ماوەی 90 ڕۆژدا بڕووخێت.

 

کەواتە چۆن بەو خێراییە داڕما؟
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ بە بەریتانیاشەوە لە 20 ساڵی ڕابردوودا زۆرترین کاتەکانیان بە پێدانی مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردنی هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەفغانستانەوە بەسەربرد.


بەرپرس و جەنەڕاڵە بێشومارەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە سوپایەکی ئەفغانی بەتوانایان دروست کردووە بۆ بەرپەچدانەوەى مەترسییەکان، بەڵام وا دیارە هەموو بەڵێنەکان پوچ دەرچوون!


بە شێوەیەکی تیۆریی، وا دەردەکەوێت کە هێشتا حکومەتی ئەفغانستان هێزی زیاتر و باڵادەستری هەیە لەچاو بزوتنەوەى تاڵیبان. هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئەفغانستان، لانیکەم لەسەر کاغەز، بە 300 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت بە سوپا و هێزی ئاسمانی و پۆلیسەوە.


بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو وڵاتە هەمیشە کێشەی هەبووە لەگەڵ ئامانجی دامەزراندنی ئەو هێزانە و ڕاستی و دروستی ئامار و داتاکان، چونکە سوپا و پۆلیسی ئەفغانستان مێژووییەکی پڕ لە کێشەیان هەیە لە زۆری ژمارەی قوربانییەکان، چۆڵکردن و بەجێهیشتنی ئەرکی سەربازی بەبێ مۆڵەت و هەروەها گەندەڵییەکی زۆر، چەندین فەرماندە هەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن هێزێکی زۆریان هەیە و موچەی وەردەگرن، بەڵام ئەو هێزە بوونی نییە و زۆرجار پێیان دەوترێت "سەربازی تارمایی" یاخود "سەربازی بندیوار".


پشکنەری تایبەتی گشتی ئەفغانستان (SIGAR) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا بۆ کۆنگرێس "نیگەرانی جدی خۆی لە کاریگەرییە خراپەکانی گەندەڵی و ڕاستی و دروستی هێزە سەربازییە ڕاستەقینەکان" دەربڕیوە.


جاک واتلینگ لە پەیمانگای خزمەتگوزاری شاهانەی یەکگرتوو (بەریتانیا) دەڵێت، سوپای ئەفغانستان هەرگیز دڵنیا نەبووە لەوەی کە لە ڕاستیدا چەند سەربازی هەیە.

 

دەشڵێت، سوپاکە هەمیشە کێشەی پاراستنی ورە و کەلوپەلی سەربازیی هەیە، زۆرجار هێزەکان دەنێردریت بۆ ئەو ناوچانەی کە هیچ پەیوەندی خێڵەکی و خێزانییان تێدا نییە. لەوانەیە ئەوەش هۆکارێک بێت کە ئەو کەسانە زۆر بە خێرایی پلە و پۆستەکانیان بەجێ دەهێڵن یان ئەوەى هیچ شەڕێک نەکەن.

 

ئەى هێزەکانی تاڵیبان

بە گوێرەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزمی ئەمریکا لە وێست پۆینت ژمارەی چەکدار و جەنگاوەرانی تاڵیبان بە 60 هەزار کەس مەزەندە دەکات، ئەوە جگە لە بوونی چەندین گروپی تری چەکداریی لایەنگر و دۆست کە ژمارەکە بەرزدەکاتەوە بۆ زیاتر لە 200 هەزار.

 

بەڵام دکتۆر مایک مارتین، ئەفسەری پێشووی سوپای بەریتانیای کە خۆی خەڵکی ئەفغانستانە لە کتێبێکیدا هۆشداری دەدات لە مەترسییەکانی پێناسەکردنی تاڵیبان وەک تاکە گروپێکی تاکڕەوی.

 

لە بەرامبەردا دەڵێت، بەرپرسان و فەرماندەکانی ئەفغانستان مێژوویەکی درێژیان هەیە لە سەنگەرگواستنەوە ئەوەش بەهۆی خێزان و هۆز و زۆرجایش بۆ مانەوەیان، بەڵام ئەو دۆخەکە لەناو هێزەکانی تاڵیباندا زۆر کەمە.

 

دەستگەیشتن بە چەک
دیسان حکومەتی ئەفغانستان لەڕووی پارە و هەم لەڕووی چەکەوە لەپێشترە و گوژمەیەکی زۆری بۆ تەرخان کراوە.

 

ملیارەها دۆلاری بۆ پێدانی موچەی سەربازان و کڕینی کەلوپەلی سەربازیی لەلایەن ئەمریکاوە پێ دراوە، لە راپۆرتەکەی مانگی تەموزی 2021دا، پشکنەری تایبەتی گشتی ئەفغانستان (SIGAR) دەڵێت کە زیاتر لە 88 ملیار دۆلار بۆ ئاسایشی ئەفغانستان خەرج کراوە.

 

ئەو دەشڵێت، "وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەو پارەیە بە باشی خەرج کراوە لە ئەنجامی شەڕی راستەقینەی ئەو هێزە وەڵام دەدرێتەوە".

 

هێزی ئاسمانی ئەفغانستان زۆر توشی ڕەخنەگرتن بووەتەوە بەوەى ناتوانن داواکارییەکانی فەرماندەکانی سەر زەوی جێبەجێ بکەن، جگە لەوەش، تاڵیبان زۆر بە چڕی فڕۆکەوانەکانی کردووەتە ئامانج و دەیانکوژێت.